دووڕوویی عەبادی بەرانبەر خۆپێشاندانی كوردستان و عێراق

:: PM:02:00:15/07/2018 ‌
لەوكاتەی تاكە هەرێمەكەی عێراق شەپۆلێكی ناڕەزایی مامۆستایان و مووچەخۆران لە مانگی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2017 بەخۆیەوە دەبینی، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران داوای لە هێزەكانی كوردستان دەكرد، ڕێ بە خۆپێشاندان بدەن و ڕووبەڕوویان نەبنەوە، بەڵام ئێستەیش خۆی بە زەبری فیشەك و ڕەشبگیری و كەوتووەتە گیانی خۆپێشاندەرانی شارەكانی عێراق.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی 30ی نیسان/ئەپریلی 2014ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پاش ناڕازیبوونی ئەمەریكا و ئێران بە دووبارە كاندیدبوونەوەی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، وەك سەركردەیەكی حزبی دەعوە هێنرایە پێشەوە و پۆستەكەی پێ درا.

عارف تەیفوور ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێشتر جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بوو، ئەوكات عەبادی كە بە "پیاوی بێ بەڵێن و زۆر بڵێ" ناوی رۆیشتووە، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان بوو و رۆژانە پێكەوە هەڵسوكەوتیان هەبووە. تەیفوور لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانی بە راشكاوی دەڵێ، تا سەر ئێسك دژی بوونی عەبادی بە سەرۆك وەزیرانی عێراق بووم، چونكە ئەو پیاوێكی دووڕوو و تەڵەكەبازە و بە قسە هەموو شتێك دەكات و بە كردار هیچی لێ شین نابێ.

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ماوەی چوار ساڵی حوكمڕانیدا كە ئێستەیش وەك كاربەڕێكەر بەردەوامە، لەو بەڵێنانەی بە كورد و سوننە و تەنانەت شیعەكانیشی دا، هیچی جێبەجێ نەكرد، ناوچە سوننییەكان وێرانەن، باشوور بێ ئاوە و ئاوی ڕووبارەكانی عێراق گیراوەتەوە و ئەو دەستەوەستانە و هەر قسە دەكات، بودجەی كوردستانیشی نەنارد و پشتیوانی خۆپێشاندەرانی هەرێم دەكرد دژی نەبوونی مووچە، لە كاتێكدا خۆی مووچەكەی بڕیبوون بە بەردەوامیدان بە بڕیارەكەی مالیكی لە شوباتی 2014.

دوای پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی عەبادی ڕێككەوتنێكی نێوان هەولێر و بەغدا لە یاسای بودجەی 2015 جێگیر كرا، كە عێراق بڕی 17%ی بودجەی كوردستان رەوانە دەكات، لە بەرانبەردا هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی و 150 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا بكات، كوردستان پابەندی ڕێككەوتنەكە بوو، بەڵام عەبادی كە دەبوو مانگانە تریلیۆنێك و 200 ملیار دیناری بۆ ڕەوانەی بكات، نەیكرد. بۆیە ئێستە هەرچی بڕیار دەدات هەمان كێشەی هەیە و خۆپێشاندان كپ نابێتەوە چونكە رێكخەرانی دەڵێ "بێ بەڵێنە و متمانەی نەماوە".

پاش ئەوەی كوردستان گەیشتە قۆناغی بێ ئومێدی لە مانگی حوزەیران/یۆنیۆی 2015 ڕاستەوخۆ دەستی بە هەناردەكردنی نەوت كرد، تا بودجەی خۆی دابین بكات، بەڵام دابەزینی نرخی و نەوت و بودجەی شەڕی داعش، تووشی تەنگژەی گەورەی دارایی كردەوە. بەو هۆیەوە فەرمانبەرانی سێ ساڵە مووچەی كەم وەردەگرن و هەر ساڵێكیش نۆ مووچەیان وەرگرتووە.

بۆیە كاتێك لە كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2017 خۆپێشاندانی مامۆستایان شاری سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەرینی تەنییەوە، عەبادی ئەو هەلەی قۆستەوە و پشتیوانی خۆپێشاندەرانی دەكرد دژی حكوومەتی هەرێم دروشم بدەن، لە كاتێكدا بەگوێرەی دەستوور ئەركی بەغدایە مووچە و بودجە بۆ كوردستان بنێرێ و داوای لە حكوومەت و هێزە تەناهییەكان دەكرد، كە ڕێز لە ئازادی دەربڕین و خۆپێشاندان بگرن.
دواتر ماوەی چوار مانگ هاتوچۆی بە لیژنەكانی بەغدا كرد بە مەبەستی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و هەموو سێشەمەیەك بەڵێنەكەی دووپات دەكردەوە، بەڵام لەوەشدا هەر وەك بەڵێنی بێ كردار مایەوە و خەڵكی كوردستانیشی لە خۆی نائومێد كرد.

عەبادی لە تویتێكدا كە "وشە" لەوكاتەوە وێنەیەكی لێ گرتووە، نووسیویەتی: ئەوەی لە كوردستان ڕوو دەدا لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵە و بڕیاری ڕیفراندۆم و تاكڕەوییە، پێشتر داوامان لە بەرپرسانی هەرێم كرد، ڕەتی بكەنەوە بەر لە ئەنجامدانی، ئێستەیش داوا لە دەسەڵاتی تەناهی كوردستان دەكەین، ڕێز لە مافی خۆپێشاندانی ئاشتیانە و ئازادی دەربڕین بگرن.

"وشە" لێرەدا بەراورد لەسەر هەڵوێستی عەبادی بەرانبەر خۆپێشاندانەكانی كوردستان و باشووری عێراق دەكات بەپشتبەستن بە بۆچوونی چاودێران كە پرسیاری سەرەكییان ئەوەیە بۆچی عەبادی پشتیوانی خۆپێشاندەرانی كوردستانی دەكرد، كەچی بە فیشەك و بردنی 30 هەزار سەرباز بۆ شارەكانی باشوور ڕووبەڕووی خۆپێشاندەرانی بەسڕە و نەجەف و كەربەلا و بابل و میسان و دیوانیە دەبێتەوە؟

لە كوردستان خەڵك مووچەی بەهۆی تەنگژەی دارایی و جێبەجێنەكردنی دەستوورەوە دواكەوت و گرفتی بۆ دروست بوو، بەڵام خەڵكی باشوور و ناوەڕاست، مووچەیان هەیە و بەغدا بودجەیەكی زەبەلاحی هەیە، بۆچی ڕێز لە داوای خۆپێشاندەران ناگرێ و ئاو و كارەبا و كاریان بۆ نادۆزێتەوە؟ 

هەرچەند خۆپێشاندانەكانی كوردستان توندبووبن، پەنا بۆ بڕینی ئینتەرنێت و داخستنی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی نەبرا، بەڵام ئەو دەیەوێ بەو پارەیەی چوار ساڵە خواردوویەتی بیانوو بدۆزێتەوە و ڕێ لە ئازادی دەربڕین بگرێ، كە ئێستە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی باشترین و بەهێزترین سەكۆی ئازادین.






وشە - باز ئه‌حمه‌د