تانیاهوو: بەر لە دیدارەکەی پووتین پێوەندیم بە ترەمپەوە کرد

:: PM:05:46:15/07/2018 ‌
بنیامین نتانیاهو ئاشکرای دەکات، بەر لەوەی ترەمپ بەرەو هێڵسنکی بەڕێ بکەوێت بۆ دیدارەکەی رۆژی دووشەمەی لەگەڵ پوتین، بە تەلەفۆن پێوەندی پێوە کردوە و لەبارەی ئێران و سووریا گفتوگۆیان ئەنجام داوە.

ئەمڕۆ یەکشەم 15ی تەمووز/یۆلیۆ، بنیامین نتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕاییل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، نیازم هەبوو بەر لەوەی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ پوتین کۆ ببێتەوە، لەبارەی ئێران و دۆخی سووریاوە گفتوگۆی لەگەڵ بکەم و لەکاتی گفتوگۆکەیشدا بەهۆی سیاسەتە هێرشبەرانەکەی بەرانبەر ئێران، سپاسی ترەمپم کرد.

زیاتر روونی دەکاتەوە، تەوەری گفتۆگۆکە ئەو ئاڵوگۆڕیانە بوو لە ناوچەکە روویان داوە و لە هەموان گرنگتر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دۆخی سووریا بوون.

سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل دووپاتی دەکاتەوە، لەو گفتوگۆیەدا ترەمپ بەردەوام پێداگری لە هەڵوێستەکانی کردووەتەوە بەرامبەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسڕاییل و جارێکیتر بە روونی بەڵێنی هاوکاریکردنی ئەمەریکای بۆ ئیسڕاییل لە بوارە جیا جیاکاندا دووپات کردەوە.

تا ئێستە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل چەندان جار مۆڵگەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لەناو خاکی سووریادا بۆردومان کردووە و زیانێکی زۆری بە جبەخانەکانیان گەیاندووە.

بڕیارە سبەی دووشەم 16ی تەمووز دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هێلسنکی پایتەختی فینلەندا لەگەڵ ولادیمیر پوتین، سەرۆک کۆماری رووسیا کۆ ببێتەوە.

هەفتەی رابردوو نتانیاهو سەردانی مۆپسکۆی کرد و لەبارەی کشانەوەی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سووریا لەگەڵ پوتین کۆ بوویەوە، دوای کۆبوونەوەکەی نتانیاهوو سەرۆک کۆماری رووسیا لەگەڵ عەلیئەکبەر ویلایەتی راوێژکاری حەلی خامنەیی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی کۆ بوویەوە.

سەرچاوە/ دویچەوێلەر


وشە - هیدایه‌ت جان