ترێزا مەی: ترەمپ داوای لێ کردم سکاڵا لە یەکێتی ئەوروپا بکەم

:: PM:06:34:15/07/2018 ‌
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ پێشنیازی پێ کردووە لەبارەی چونەدەری وڵاتەکەی لە برێگزد، سکاڵا لەسەر یەکێتی ئەورووپا تۆمار بکات.

ئەمڕۆ یەکشەم 15ی تەمووز/یۆلیۆ، ترێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بی بی سی ئینگلیزی رای گەیاند، دۆناڵد ترەمپ پێشنیازی پێ کردم، لەبری ئەوەی بۆ چوونەدەر لە یەکێتی ئەورووپا دانوستانیان لەگەڵ بکەم، سکاڵا لەسەر ئەو یەکێتییە تۆمار بکەم.

ترەمپ هەینی رابردوو 13ی تەمووز لە کۆنفراندسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا کە پێشنیازێکی بۆ چوونەدەری بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا بە ترێزا مێی داوە کە رەنگە ئەنجامدانی بۆ ئەو کارێکی دژوار بێت.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەو چاوپێکەوتنەدا بەرگری لە پڕۆژەکەی بۆ چوونەدەری بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا کرد و داوای لە دژبەرانی پڕۆژەکەیشی کرد لە پێناو پێشکەوتنی زیاتری وڵاتەکەیدا پشتیوانی لێ بکەن.

ترەمپ یەکێک لە دژبەرە هەرە سەرسەختەکانی سیاسەتی ترێزا مەیە بۆ چوونەدەر لە یەکێتی ئەورووپا و تا ئێستە چەندان جار رەخنەی توندی لێ گرتووە.

دوو رۆژ لەمەوبەر سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی بەریتانیای کرد و لە جاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "سان" هۆشداری ئەوەی دا کە ئەگەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە هەڵوێستەکەی بۆ چوونەدەر لە یەکێتی ئەورووپا پاشگەز ببێتەوە، ئەوا رێکەوتنە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا خستووەتە مەترسییەوە.

لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دڵنیایی ئەوەی دا، بەو پلانەی بۆ برێگزد هەیەتی، رێکەوتنی ئابووری وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا و هیچ وڵاتێکی تری جیهان ناکەوێتە مەترسییەوە.

سەرچاوە/ بی بی سی


وشە - هیدایه‌ت جان