فڕەنسا بۆ دووەمجار لە مێژوودا بووە پاڵەوانی مۆندیال

:: PM:07:55:15/07/2018 ‌

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم یاریی كۆتایی مۆندیالی 2018ی رووسیا لەنێو یاریگەی ئۆڵەمپی لۆژنیكی لە شاری مۆسكۆی پایەتەختی رووسیا بەڕێوەچوو و تێیدا هەڵبژاردەی فڕەنسا سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا و بەفەرمی بووە پاڵەوانی گەورەترین پاڵەوانیەتیی وەرزشی جیهان.

لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا 3 گۆڵ تۆمار كرا كە 2 گۆڵیان بۆ هەڵبژاردەی فڕەنسا بوو لە رێگەی یاریزانان ماریۆ مانزۆكیچ هێرشبەری هەڵبژاردەی كڕاوتیا بەشێوەی هەڵە لە خولەكی 18 و ئەنتوان گریزمان بە رێگەی لێدانی سزا لە خولەكی 39، تاكە گۆڵەكەی هەڵبژاردەی كڕواتیاش لە گێمی یەكەم لەلایەن ئیڤان پیریسیچ لە خولەكی 28 هاتە تۆماركردن.

لە گێمی دووەمدا یارییەكە گەرموگوڕی زیاتری بەخۆیەوە بینی و هەرزوو هەڵبژاردەی فڕەنسا 2 گۆڵی تری لە رێگەی یاریزانان پۆڵ پۆگبا و كیلیان مباپێ لە خولەكانی 59 و 65 تۆمار كرد، لە خولەكی 69 ماریۆ مانزۆكیچ ئەنجامی یارییەكەی نزیك كردەوە بە تۆماركردنی گۆڵێك لە خولەكی بەهۆی هەڵەیەكی هۆگۆ لۆرێسی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی فڕەنساوە.

یاریزانانی هەڵبژاردەی كڕواتیا هەوڵێكی زۆریاندا گۆڵ تۆمار بكەن تا ئەنجامی یارییەكە نزیكتر بكەنەوە بۆ یەكسانبوون، بەڵام لە سەرجەم هەوڵەكانیان شكستیان خوارد و یارییەكەش بە ئەنجامی 4-2 گۆڵ بۆ بەرژەوەندی هەڵبژاردەی فڕەنسا كۆتایی هات.

هەڵبژاردەی فڕەنسا ئەمە دووەمجارە لە مێژوودا دەبێتە پاڵەوانی مۆندیال دوای ئەوەی لە یاریی كۆتای مۆندیالی ساڵی 1998 بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی بەڕازیلی بردبووەوە و یەكەم جامی مۆندیالی بەرز كردبووەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م