عەلی خامنەیی بۆ دەربازبوون لەو دۆخە قورسە ئابوورییەی وڵاتەکەی تێی کەوتووە، لەگەڵ کابینەی حکومەتی رووحانی کۆ بوویەوە و داوای ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەکی ئابووری بەپەلەی لێ کردن بۆ رووبەڕوو بوونەوەی تەنگژەکان.
ئەمڕۆ یەکشەم 15ی تەمووز یۆلیۆ، عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ حەسەن رووحانی سەرۆک کۆمار و وەزیرانی کابینەکەی کۆ بوویەوە و لەبارەی ئەو تەنگژە ئابوورییەی وڵاتەکەی تیایدا گیری کردووە گفتوگۆیان کرد و داوای کرد بۆ رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو دۆخە حکوومەت بەپەلە نەخشەڕێگایەکی ئابووری ئامادە بکات.
ماڵپەڕی فەرمی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر داوای خامنەیی ئەنجام دراوە و ماڵپەڕەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیش بەر لە کۆبوونەوەکە ئاشکرایان کردبوو کە کۆبوونەوەکە بۆ لێپێچینەوەیە لە وەزیرانی کابینەکەی رووحانی دوای ئەوەی کۆمەڵێک بشێوی لە سیستەمی ئابووری و بۆرسەی تاراندا هاتە ئاراوە.
خامنەیی لەو دیدارەدا لەبارەی چۆنیەتی و پێویستییەکانی رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو تەنگژە قورسە ئابوورییە دواوە و تووشبوونی وڵاتەکەی بەو دۆخە نالەبارە دەخاتە ئەستۆی دوژمنی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە روانگەی ئەوانەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئیسڕاییلن.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکای لە رێکەوتنی 1+5 دەرکرد، کۆمەڵێک سزای نوێی ئابووری بەسەر ئێراندا سەپانند و ئەوەیش وای کرد دۆخی ئابووری ناوخۆی ئێران تووشی داڕمانێکی لە نەکاو بێت و لە گەورەشارەکانی وەک تاران و ئیسفەهان و مەشهەد و کرماشان بازرگانان و دووکانداران خۆپیشاندانی گەورەیان رێکخست، بەمەیش حکومەت کەوتە تەنگژەیەکی رژدەوە کە لە ماوەی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تووشی دۆخی لەو سێوەیە نەبووبوو.