کوبا لە وڵاتێکی کۆمۆنیستییەوە بەرەو ئابووری ئازاد

:: PM:10:00:15/07/2018 ‌
میدیا فەرمییەکانی کوبا رای دەگەیەنن، لە دەستووری نوێی ئەو وڵاتەدا خاوەندارێتی تایبەت بە فەرمی رێگەپێدراو دەبێت و پۆستی سەرۆکوەزیران کە پێشترنەبووە و وڵات تەنیا بە سیستەمی سەرۆک کۆماری ت بەرێوە دەچوو، لەپاڵ ئەو پۆستەدا زیاد دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەم 15ی تەمووز/یۆلیۆ رۆژنامەی "گرانما" زمانحاڵی حزبی کۆمۆنیستی کوبا کە ئێستە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست بەشێک لە دەستووری نوێی ئەو وڵاتەی چاپ کردووە کە سەرجەمی پێک هاتووە لە 224 بڕگە و بە بەراورد لەگەڵ دەستووری پێشوو 78 بڕگەی بۆ زیاد کراوە.

لیژنەی تایبەت بە نووسینەوەی دەستووری کوبا هەفتەی داهاتوو رەشنووسی دەستوور رەوانەی شورای نەتەوەیی کوبا دەکات و ئەگەر لەلایەن ئەو شورایەوە پەسند بکرێت، دەستوورە نوێیەکە دەخرێتە گشتپرسییەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بە بەڵێ یاخود نەخێر دەنگی پێ بدەن.

چاکسازییەکانی رائول کاسترۆ، سەرۆک کۆماری پێشووی کوبا بۆ هاوردەکردنی ئابووری بازاڕ بۆ وڵاتەکەی، بووە هۆکاری ئەوەی سەتان هەزار هاوڵاتی کوبایی لەدوای ساڵی 2010ەوە ببنە خاوەن کاری سەربەخۆ، ئەو هەلی کارە نیمچە ئازادانە بوونە هۆی بووژانەوەی کاری بچوکی وەک ریستۆرانت و ئارایشتگا و سەنتەرەکانی جوانکاری، کاسترۆ لە تەمەنی 87 ساڵیدا لیژنەیەکی تایبەتمەندی پێک هێنا بۆ پێداچوونەوە بە دەستووری کوبا.

سەرۆکایەتی ئەو لیژنە تایبەتمەندە لە دەستی میگڵ دیاز کانڵ، سەرۆک کۆماری ئێستەی کوبایە و هاوکات لەگەڵ خستنەڕووی رەشنووسی دەستوور، کابینەی وەزیرەکانیشی ئاسکرا دەکات کە بەپێی دەستوورە نوێیەکە سیستەمی سەرۆکوەزیران لەپاڵ سیستەمی سەرۆکایەتی کۆمار زیاد دەکات.

بەپێی دەستووری ئێستەی کوبا کە حکومەتێکی سۆسیالیستییە، تیایدا حکومەت خاوەندارێتی موڵکی دەکات و وڵات بەشێوەی هەرەوەزی و جوتیاری بەڕێوە دەچێت، بەڵام رۆژنامەی گرانما ئاشکرای کردووە، دەستوورە نوێیەکە نەک خاوەندارێتی کەسی بە فەرمی دەناسێنێت، بگرە ئابووری ئازادیش بەپێی ئەو دەستوورە نوێیە رێگە پێدراو دەبێت.

لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییانەی لە سیستەمی سیاسیی کوبا روویداوە، رۆژنامەی گرانمای زمانحاڵی حزبی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە رای گەیاندووە، سەرباری ئەو گۆڕانکاریانەیش حزبی کۆمۆنیست وەک هەمیشە وەک یەکەم حزب و بەهێزترین حزبی کوبا دەمێنێتەوە.

دەستوورە نوێیەکەی کوبا پێشاندەری گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە روانگەی سیاسیی حزبی کۆمۆنیستی کوبا و پۆستی سەرۆک وەزیران لەو وڵاتە زیاد دەکات و سەرۆک کۆماریش تەنیا دەتوانێت بۆ دوو خول خۆی خۆی بۆ ئەو پۆستە بپاڵێوێت.

فیدڵ کاسترۆ و رائول کاسترۆ بە دوو برا بۆ ماوەی 60 ساڵ دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتەیان بەدەستەوە گرت و ساڵی 2011 برایانی کاسرترۆ بۆ مۆدێرن کردن و بە سەردەمی کردنی سیستەمی سیاسیی وڵاتەکەیان پێشنیازیان کرد هاوشێوەی وڵاتانی دیموکراتی جیهان پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ کەسەکان سنووردار بکرێت و کەسێک بۆی نەبێ لە دوو خول زیاتر لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.

رۆژی جوارسەم 18ی ئەپریل/نیسان پەرلەمانی کوبا میگڵ دیاز کانڵی 57 ساڵەی وەک تاکە بەربژێری پۆستی سەرۆک کۆماری بە 603 دەنگ لەکۆی 604 دەنگ دەستنیشان کرد و رۆژی٦ دواتر وەک سەرۆک کۆماری٦ نوێی ئەو وڵاتە دەسەڵآتی سیاسیی گرتە دەست.

دوای 60 ساڵ بۆ یەکەمجار نازناوی دەسەڵاتداری یەکەمی کوبا پاشگری کاسترۆی پێوە نەبوو، پێشتر دوو براکە بۆ ماوەی 60 ساڵی رەبەق هەموو دەسەڵاتەکانی ئەو وڵاتەیان گرتبۆ دەستەوە.

مایک پێنس، جێگری سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکەم کەس بوو بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سی٦اسیی کوبا هەڵوێستی نیشاندا و رای گەیاند، ئێمە لەگەڵ هاوڵاتیانی کوباین و تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات لەو وڵاتەدا ئەنجام نەدرێت و زیندانییە سیاسییەکان ئازاد نەکرێن و لە کۆی هەموان خەڵکی کوبا نەگەن بە ئازادی، پشتی هاوڵاتیانی کوبا چۆڵ ناکەین.

دوابەدوەای هەڵوێستەکەی مایک پێنس، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا ئ٧اماژەی دا، ئەو دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لە کوبا نادیموکراسییانە ئەنجام دراوە، لەبەر ئەوەی لە رێگەی پەرلەمانەوە ئەنجام دراوە و هاوڵاتیان نەیانتوانیوە راستەوخۆ بەشداری تیادا بکەن.

هاوکات هەردوو وڵاتی کۆمۆنیستی رووسیا و چین بە گەرمی پشێشوازیان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی کوبا کرد، هەرچەند ئۆپۆزسیۆنی کوبا هەڵبژاردنی میگڵیان وەک سەرکەوتنی دیکتاتۆرییەت بەسەر دیموکراسی و ئازادیدا وەسف کرد.

بەهۆی سیستەمی سیاسیی وڵاتەکەیانەوە هاوڵاتیانی کوبا یەک لە بێبەشترین هاوڵاتییانی جیهان هەژمار دەکرێن لە سیستەمی ئابووری جیهانی و ژیان و گوزەرانیان لەئاست وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان لە ئاستێکی نزمدا مەزەندە کراوە، بەڵام پێدەچێت حزبی کۆمۆنیستی کوبا کە رائول کاسترۆ سەرۆکی یەکەمی ئەو حزبەیە، بیهەوێت بۆ گەیشتنەوەی کوبا بە وڵاتانی جیهان، کۆمەڵێک گۆڕانکاری سەردەمیانە لە سیستەمی سیاسیی و ئابووری ئەو وڵاتەدا ئەنجام بدەن و دەستبەرداری خەونە سۆسیالیستییەکانیان بن کە ساڵانێک بەهۆیەوە هاوڵاتیانی کوبا باجیان داوە.

سەرچاوە/ زەمانە


وشە - هیدایه‌ت جان