پووتن و ترەمپ چی بۆ كورد ئامادە دەكەن؟

:: PM:10:12:15/07/2018 ‌

سبەی هلسنكی پایەتەختی فنلەندا دەبێتە شوێنی چاوتێبڕینی دنیا، كاتێك دیداری لووتكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی رووسیا لەئامێز دەگرێت، بۆ باسكردنی دۆسیە گەرمەكانی دنیا كە تیایداندا رووسیا و ئەمەریكا دوو یاریزانی بەشدرن تیایدا و هەموویان چاویان لە ئەنجامی لووتكەكەیە كە ئاخۆ چی بۆ ئەوان تیادایە و لەوانە بۆ رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا كە لەسەر كورد حسێبە.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەنگی باشووری سووریا لە كۆتاییەكەی كە هێزەكانی سەر بە رژێمی بەشار ئەسەد توانیان بە پاڵپشتیی رووسیا سەركەوتنی گەوەر بەسەر ئۆپۆزسیۆن بەدەست بێنن و تەنانەت توانیان ئاڵای حكوومەتی ئەو وڵاتە بەسەر شاری درعای لانەی راپەڕینی 2011 هەڵبكەنەوە، بۆیە ئێستە چاوەكان لە سووریا لەسەر كارتی رۆژهەڵاتی فوراتە، ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سووریای دیموكرات كە لە زۆرینەی هێزی یەكینەكانی پاراستنی گەل پێك هاتووە.

لە رۆژهەڵاتی فورات هێزەكانی هاوپەیمانی ناودەوڵەتی و ئەمەریكا پاڵپشتی لە كورد و عەرەب و هەسەدە دەكەن، ئەگەرچی ترەمپ پێشتر باسی ئەوەی كردووە كە پێی باشە هێزەكانی ئەمەریكا لەو ناوچانە پاشەكشە پێ بكات، بەڵام توانای مانەوەیشی هەیە راستەوخۆ و ناراستەوخۆیش، ئەوەیش لەچوارچێوەی ستراتیجیەتێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتەكانی ئێران و رێگرتن لە رێگەی هیلالی شیعەی ئێرانی كە لە تارانەوە دەست پێ دەكات و لە بەیرووت كۆتایی دێت و بە بەغدا و دیمەشقدا تێپەڕ دەبێت.   

تا ئێستە روونی نییە كە ئەو دوو سەركردە تا چەند ئەگەری رێككەوتننیان هەیە لەبارەی دۆسیەی سووریا، بەڵام ئەگەر هەر رێككەوتننێك روو بدات كارتی رۆژهەڵاتی فورات لە بەرانبەر كارتی پاشەكشەی ئێران لە سووریا دەگرێتەوە و ئەگەر رووسیا ئەو بەڵێنە بە پاشەكشەكردنی ئێران ئەگەر بەهەنگاویش بێت، بدات، ئەوە رەنگە ئەمەریكا گەڕانەوەیەكی كەمیش بێت، رێگە بە دەسەڵاتی حكوومەتی سووریا بدات لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات، هاوكات لەگەڵ جووڵاندنەوەی گفتوگۆی نێوان سووریاییەكان بۆ دیاریكردنی شێوەی رژێمی وڵاتەكەیان.

پێشتر كۆشكی سەرۆكایەتیی فنلەندا دیدارێكی لووتكەی ئەمەریكا و رووسیای لە 1990 مێوانداری كرد كاتێك جۆرج بۆشی باوك و میخائیل گۆرباچۆڤ لە دیداری لووتكە بەیەك گەیشتن، بەڵام ئەو كات گۆرباچۆڤ لە هەڵوێستێكی لاواز بوو و یەكێتی سۆڤیەت هەڵ دەوەشایەوە، كەچی ئێستە پووتن لە دۆخێكی بەهێزە و هەوڵی گەڕاندنەوەی شكۆی وڵاتەكەی دەدات.  

رووسیا لە هەڵوێستێكی بەهێزەوە دەچێتە هلسنكی لەبارەی دۆسیەی سووریاوە كە توانی دوای هاتنە ناوەوەی ئەو وڵاتە لە سێپتێمبەری 2015 هاوسەنگی هێز بۆ بەرژەوەندی بەشار ئەسەد بگۆڕێت و ئەو توانی بە پاڵپشتیی رووسیا و ئێران زۆرینەی ناوچەكانی سووریا كۆنترۆڵ بكاتەوە، جگە لە رۆژهەڵاتی فورات نەبێت كە بە نەوت دەوڵەمەندە، هەروەها چەند ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی توركیا لە باكور و باكوری رۆژئاوای سووریا. 

بێگومان ترەمپ هەوڵی ئەوە دەدات كە پووتن رازی بكات بە راست و دروستیی سیاسەتەكانی لە بەرانبەر ئێران، جا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی بێت یان دەستوەردانەكانی لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە، بەڵام لێرەوەیش رەنگە گەیشتنیان بە رێككەوتن ئەستەم بێت.

شرۆڤەكارانی رووسیا وای دەبینن كە تەنگژەی سورویا یەكێكە لە دۆسیە كەمتر ئاڵۆزەكان كە دەتوانرێت زووتر لەوانەی لێكگەیشتنی لەبارەوە بكرێت بەتایبەتی بە رادەستكردنەوەی واشنتن بۆ ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا وەك ئەنجامێكی لووتكەی هلسنكی، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوە لەگەڵ راگەیاندنەكەی پێشووی ترەمپ یەك دەگرێتەوە بە پاشەكشەی لە سووریا لە بەرانبەر چەند پابەندییەكی رووسیا، لەو كاتەی رووسیا گەیشتە لێكگەیشتن لەبارەی باشووری سووریا لەگەڵ ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی تری ناوچەكە بەر لە لووتكەكە وەك سەرەتایەك بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەك بۆ تەنگژەی سووریا.

كەسانێك هەن لە رووسیا وای دەبینن كە مۆسكۆ و دیمەشق و تاران خواستی رادەستكردنەوەی رۆژهەڵاتی وڵاتەكەیان بۆ بەشار ئەسەد هەیە، لە بەرانبەردا مۆسكۆ پاراستنی سنوورەكانی ئیسرائیل و ئوردن دابین بكات وەك هاندەرێك بۆ ئەمەریكا بۆ دەستبەرداربوون لە رۆژهەڵاتی فورات، بەڵام ئەوان دووپات لەو خاڵە دەكەنەوە كە ئەگەر مۆسكۆ ئەو كارە بكات ئاخۆ دەتوانێت باجی ئەو كارە بدات، لەلایەكی تر ئایا مۆسكۆ توانای كارتێكردنی بۆ سەر هێزەكانی ئێرانی هەیە. 

ئەوە لەو كاتەی كە كرملین رەتی كردەوە كە ئامادەسازی بۆ رێككەوتننێك لە نێوان هەردوو سەرۆكی ئەمەریكا و رووسیا بكرێت لەبارەی دەرچوونی هێزەكانی ئێران لە سووریا، بەڵام هاوكات ئاماژەی كرد كە مۆسكۆ ئامادەیە بۆ باسكردنی وردەكاری دۆخی سووریا و ئەوەی هەیە تەنیا گەیشتنە بە لێكگەیشتن نەوەك رێككەوتن وەك میدیاكان باسی لێوە دەكەن.

سەرچاوە/ شەرقولئەوسەت





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل