شەش ملیۆن و 200 هەزار خێزانی ئێرانی هیچ داهاتێکیان نییە

:: PM:11:35:15/07/2018 ‌
بانکی ناوەندی ئێران داهات و خەرجی بنەماڵەکانی لە ئێراندا ئاشکرا کرد و رای گەیاند، بە شێوەیەکی مامناوەند هەر خەرجی خێزانێکی 3.3 کەسی سێ ملیۆن و پێنسەت هەزار تمەنە و زۆربەی خەرجییەکانیش بۆ خۆراک و خانوویە.

ئەمنڕۆ یەکشەم 15ی تەمووز/یۆلیۆ  بانکی ناوەندی ئێران ئاماری خەرجی و داهاتەکانی ئەمساڵی ئاسکرا کرد و رای گەیاند، بەپێی ئەو ئامارە، خەرجی ئەمساڵ لەچاو ساڵی رابردوو بەرزبوونەوەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و زیاتر لە شەش ملیۆن و 200 هەزار خێزانیش لە ئێراندا هیچ کار یان داهاتێکیان نییە.

بەپێی ئەو راپۆرتە هەر خێزانێک لە ئێران بە شێوەیەکی مامناوەند مانگانە 150 هەزار تمەن پاشەکەوتی هەبووە، بەڵام ئەو ژمارەیەی بانکی ناوەندی بۆ پاشەکەوتکردنی خێزانێکی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، لەگەڵ خەرجی و داهاتەکانی کە لە راپۆرتەکەی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە یەکتر ناگرنەوە، پێشتر بانکی ناوەندی رایگەیاندبوو، لە جوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا پاشەکەوتی هەر خێزانێکی ئێرانی بە شێوەی مامناوەند گهەیشتووەتە ئاستی سفر، واتا هیچ پاشەکەوتێکیان پێ نەکراوە.

سەتا 28ی خێزانە ئێرانییەکان هیچ کەسێکیان نییە کار بکات

بەپێی راپۆرتەکەی بانکی ناوەندی سەتا 70ی خێزانەکان داهاتیان لە رێگەی مووچە و پارەی مانگانەوە بەدەست دەهێنن و سەتا 30یەکەی تریش بە شێوەی پارەی ناراستەوخۆ، واتا وەرگرتنی کرێی مانگانە یان رێگاکانیترەوە بەدەست دەهێنن.

هەر لەو راپۆرتەدا روون کراوەتەوە کە سەتا 28ی خێزانە ئێرانییەکان تەنانەت یەک ئەندامی خێزانیشیان نییە کە کاری هەبێت و بە شێوەی رەها بێکار و داهاتن، ساڵی رابردوو ئەو ژمارەیە سەتا26 بوو و بە پشتبەستن بەو ئامارە نزیکەی شەش ملیۆن و 720 هەزار خێزانی ئێرانی هیچ سەرچاوەیەکی داهات و بژێوییان نییە.

پێشتر رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لەبارەی بەرزبوونەوەی هەژاری لە ئێراندا هۆشداری دابوو و لە راپۆحرتێکدا رای گەیاندبوو کە زیاتر لە هەشت ملیۆن خێزان لە ئێراندا بژێوی رۆژانەیان لە پاشماوەی ریستۆرانت و زبڵی هاوڵاتیانی تر دابین دەکەن، بەڵام وەزارەتی خۆشگوزەرانی ئێران ئەو راپۆرتەی بەدوور لە راستی زانی و رای گەیاند تەنیا دوو ملیۆن کەس لە ئێراندا بێکارن.

بانکی ناوەندی رای گەیاندووە، سەتا 55.3 خێزانی ئێرانی تەنیا یەک کەسیان هەیە کە کار دەکات و سەتا 14 خێزان دوو کەس و سەتا 2.8 خێزانی ئێرانی سێ کەس لەناو خێزانەکەیاندا خاوەنی کارە کە لە کۆی ئەو ئامارانە رێژەی داهات و کەسانی خاوەنکار لە هەر خێزانێکدا زیاتر لە سەتا دوو کەمی کردووە.

وەزارەتی خۆشگوزەرانی ئێران هەفتەی رابردوو ئامارێکی بڵاو کردەوە کە بەپێی ئامارەکە زیاد لە ملیۆنێک و 500 هەزار هاوڵاتی توانای کڕینی خواردنی رۆژانەیان نییە و زیاتر لە سەتا 33ی دانیشتوانی ئێران توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی و دەرمان و پەروەردەیان نییە.

وەزارەتی خۆشگوزەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە دابوو کە رێژەی هەژاری لە ئێران بە ئاستێکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و سەرباری ئەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی ئەمساڵدا رایگەیاند زیاتر سەتا چواری دانیشتوانی ئێران لە هەژاری رەهادا دەژین و توانای دابینکردنی خۆراکی رۆژانەیان نییە، بەڵام جێگری وەزیری خۆشگوزەرانی ئەو وڵاتە ئەو ئامارەی بە زیاد زانی و رای گەیاند رێژەکە نزیک بە سەتا دووە.

بەڵێم راپۆرتەکەی بانکی ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو لێدوان و راپۆرتانەی وەزارەتی خۆشگوزەرانی ئێرانی بەدرۆ خستەوە و لەبارەی تەندرووستییەوە ئاماژەی داوە، خەرجییەکانی تەندرووستی وەک سەردانیکردنی پزیشک و دابینکردنی دەرمان لە ئێراندا هەڵکشاوە و زۆربەی خێزانەکان توانای دابینکردنی پارەیان نییە بۆ تەندرووستی و دابینکردنی دەرمان و بەپێی رێژەی داهات هەر خێزانێک بە شێوەی مامناوەندی دەبێت 33.5 لەسەتی داهاتی مانگانەی بۆ کڕینی دەرمان خەرج بکات کە ئەوەیش فریای دابینکردنی بژێوی رۆژانە ناکەون.

رێژەی هەژاری لە ساڵی 2010وە لە ئێران بەردەوام لە هەڵکشاندا بووە، بەڵام دوای هاتنەدەری ئەمەریکا لە رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و وڵاتانی 5+1 بەشێوەیەکی بەرچاو دۆخی ئابووری ئێران بەرەو داڕمان رۆیشت و بەهای تمەن لە بەرانبەر دۆلاردا بۆ شەش ئەوەندە نزم بوویەوە و زۆربەی کارگە و ناوەندەکانی کارکردنی ناحکومی لەو وڵاتە مایەپووچ هاتن و هاوڵاتییەکی زۆر بەو هۆیەوە بێکار کەوتن.

ئەمەریکا ئۆباڵی سەرجەم ئەو داڕمانە ئابووریانەیت ئێران دەخاتە ئەستۆی رژێمی کۆماری ئیسلامی و بە جووڵە میلیشیایی و دەستوەردانەکانی سوپای پاسدارانی ئەو  وڵاتەی دەبەستێتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە سووریا و حێراق و یەمەندا.

سەرچاوە/ زەمانە


وشە - هیدایه‌ت جان