دوای سێ ڕۆژ داخستنی لە ترسی بۆردمانی فڕۆكەكانی توركیا، ئەمڕۆ دووشەم ڕێی سەرەكیی گەلی باڵندای سەر بە شارەدێی شیلادزێ بە ڕووی خەڵكی كرایەوە و هاتوچۆ ئاسایی بووەوە.
ئیقبال عومەر هاووڵاتییەكی شارەدێی شیلادزێی سەر بە شارۆكەی ئامێدییە و بۆ "وشە" گوتی، رێی سەرەكی دەڤەری نێروه و ڕێكان لەگەڵ وەڵاتژێری كە بە گەلی باڵندا تێپەڕ دەبێ، لە دوای بۆردمانی سێ ڕۆژ پێش ئێستەی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێك داخراوە و هاتوچۆی لێ وەستاوە، بەڵام ئەمڕۆ جارێكی تر ڕێیەكە كرایەوە.
زیاتر گوتی، ڕێی گەلی باڵندا ژمارەیەكی زۆر گوند و هاوینەهەواری بەسەرەوەیە، بۆیە داخستنی كێشەی زۆری بۆ خەڵكی ناوچەكە دروست كردبوو، خۆشبەختانە ئەمڕۆ كرایەوە و هاتوچۆ ئاسایی بووەوە و فڕۆكەكانیش لە ئاسمان دەرناكەون.
سێ ڕۆژ پێش ئێستە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردمانی ئۆتۆمبێلێكیان لەسەر ڕێی گەلی باڵندا و لە دووری 200 مەتر لە ناوچە ئاوەدانەكان كرد، ئەمەیش ترس و دڵەڕاوكێی زۆری لە دڵی خەڵك بڵاو كردەوە، بەوهۆیەوە هاتوچۆ لە ڕێیەكە وەستێنرا و كارەبای ناوچەكەیش بەهۆی بۆردمانەكە پچڕا.
لە ئەنجامی داخستنی ڕێیەكە، هاتوچۆی 182 گوندی دەڤەری نێروە و ڕێكان و گەلی باڵندا پەكی كەوت، ئەمەیش بە تەواوی بووە هۆی نیگەرانی هاووڵاتییانی سنوورەكە.
شیلادزێ/نەوزاد هلۆری.