زانیارییەكان لەسەر هێرشبەرە نوێیەكەی ریال مەدرید


ڤینیسیوس جۆنیۆری هێرشبەری بەڕازیل و یاریزانی نوێی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دوو رۆژە گەیشتۆتە شاری مەدریدی پایەتەختی ئیسپانیا و ئەمڕۆ دووشەمیش بەفەرمی لەگەڵ یاریزانانی یانە نوێیەكەی مەشق و راهێنان دەكات.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: جۆنیۆر ئەمڕۆ دووشەم بەسەرپەرشتی گولین لۆپیتیجی راهێنەری نوێی یاریزانانی یانەی ریال مەدرید دەست بە مەشق و راهێنان دەكات وەك خۆ ئامادەكارییەك بۆ یارییەكانی وەرزی داهاتووی خولی ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە رۆژی پێنجشەمی داهاتوو جۆنیۆر لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ وەك یاریزانی نوێی یانەی ریال مەدرید پێشكەش بە دەزگاكانی راگەیاندن و هەوادارانی یانەی شاهانە دەكرێ، دوای ئەمەش راستەوخۆ بەرەو ئەمەریكا بەڕێ دەكەوێ بۆ ئەنجامدانی یارییە هەڤاڵینییەكان.

بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید بەر لە رۆیشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یانەی یۆڤانتۆس، پلانیان داڕشتبوو بۆ وەرزی داهاتوو جۆنیۆری تەمەن 18 ساڵ بەشێوەی خواستن بدەن بە یانەیەكی تری خولی ئیسپانیا تا لە شێوازی یاریكردنی خولەكە رابێت، بەڵام بە رۆیشتنی رۆناڵدۆ پلانەكەیان گۆڕی و بۆ وەرزی داهاتوو لە تیپی یەكەمی یانەكە یاری پێ دەكەن.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید پارساڵ گرێبەستی لەگەڵ جۆنیۆری هێرشبەری یانەی فلامینگۆی بەڕازیلی ئیمزا كردبوو بە بەهای 45 ملیۆن یۆرۆ، هێرشبەرەكە وەرزی رابردوو ئاستێكی ناوازەی لە خولی بەڕازیل پێشكەش كرد و 10 گۆڵیشی بۆ یانەكەی تۆمار كردبوو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:10:44:16/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 3182 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌