مامۆستایان لە 20 ڕۆژ دوو مووچە وەردەگرن

:: PM:02:48:16/07/2018 ‌
لە كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی مامۆستایانی كوردستان وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیار دار لە 20 ئەم مانگە مووچەیەك بدرێ و لە 20 رۆژی داهاتوودا مووچەیەكی تر بۆ مامۆستا و كارمەندانی وەزارەتی پەروەردە دابەش بكرێ.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی تەمووز/ یۆلیۆ، عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێی ڕاگەیاندین كە پارەكەی بەغدا گەیشتووە، دابەشكردنی مووچەش بەمزووانە رادەگەیەنرێت.

جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان گوتی، ڕێباز حەملان پێی گوتین لیستی دووەمی مووچە ئامادەیە و یەكەم وەزارەتیش پەروەردە دەبێت، تەنیا چاوەڕێی فەرمانی خەرجكردن دەكرێت، هەروەها لە 20ی مانگە وەزارەتی پەروەردە مووچە وەردەگرێت.

لەبارەی هێنانە پێشی لیستی مووچە وەزراەتی پەروەدە جێگری یەكێتیی مامۆستایان ئاماژەی دا، وەزیری دارایی دڵنیایی پێداون كە بۆ مانگی داهاتوو وەزارەتی پەروەردە دووەم وەزارەت دەبێت، بەمەش لە 20 ڕۆژ دوای وەرگرتنی مووچە مووچەیەكی تر وەردەگرن.

ئێستە مانگی تەمووز/یۆلیۆی 2018ـیە و حكوومەتی هەرێم مووچەی مانگی نیسان دابەش دەكات، بەڵام بە پاشەكەوتی كەمتر لە چوار ساڵی رابردوو كە مووچەی بۆ یەك لەسەر سێی جاران دابەزاند.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسانی تا 16ی ئەم مانگە ڕاگەیاندووە و تا ئەو كاتە مووچەی بەشێك لە داوودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت و دواتر خشتەی دووەمی مووچە ڕادەگەیەنرێت.



وشە - رامیار جەواد