ئایا ئەمەریکا دانوستان لەگەڵ تاران دەکات

:: PM:06:36:16/07/2018 ‌
سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ چەشنە دانوستانێک بکات، لە رێکەوتنی ناوکی ئێران و وڵاتانی 5+1 کشایەوە و کۆمەڵێک سزای ئابووری خستە سەر تاران و هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتەی خستە ناو لیستی تیرۆرەوە، هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باس لە ئەگەری پێوەندی واشنتن بە تارانەوە دەکات.

ئەمڕۆ دووشەم 16ی تەمووز/یۆلیۆ، بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە بەو زووانە دۆناڵد ترەمپ پێوەندی بە تارانەوە بکات و داوای دانوستاندنمان لێ بکات.

قاسمی ئاماژەی بەوەیش دا کە پێشتر چەند جارێک بابەتی لەو شێوەیە روویان داوە و واشنتن هەوڵی دانیشتن و گفتوگۆکردنی راستەوخۆی لەگەڵ تاران داوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەو بارەیەوە نەخستە روو.

ئاژانسی هەواڵی دویچەوێلە ئەو لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر گوتەکانی هەفتەی رابردووی دۆناڵد ترەمپ وەسف کردووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەفتەی رابردوو لەبارەی کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا رای گەیاند، دەزانم دەسەڵاتدارانی تاران تووشی گرفتی گەورە هاتوون و ئابووری وڵاتەکەیان بەرەو داڕمان دەچێت، بەڵام من ئەو قسەیە بۆ مێژوو دەکەم، رۆژێک دێت بەرپرسانی تاران بە تەلەفۆن پێوەندیم پێوە دەکەن و داوام لێدەکەن رێکەوتنیان لەگەڵ بکەم.

ترەمپ ئەو لێدوانانەی دوای کۆبوونەوەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەتلەنتیکی باکوور "ناتۆ" لە بەلجیکا ئەو لێدوانانەی دا و راسی گەیاند، مەبەستی واشنتن لەو رەفتارەی بەرامبەر ئحێران سزادانی هاوڵاتیانی نییە و زیاتر گوتی، دەزانم هاوڵاتیانی ئێران لە مەینەتییەکی گەورەدا ژیان بەسەر دەبەن.

قاسمی لە لێدوانەکەی ئەمڕۆیدا لەبارەی گوتەکانی ترەمپەوە دەڵێ، نازانم "ئەو" بە گاڵتەوە ئەو قسانە دەکات یاخود بەڕاستێتی، بەڵام ئەگەری ئەوەی کە خۆی پێوەندی بە تارانەوە بکات و داوای دانوستاندن بکات زۆر بەهێزترە لە بۆچوونەکەی خۆی.

ئێران و ئەمەریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا و لە خولی کۆتایی سەرۆک کۆماری مەحمود ئەحمەدینەژاددا دانوستانێکی نهێنییان لە عمان دەست پێ کرد کە دواتر دانوستاندن لەسەر کەیسی ناوکی لێ کەوتەوە.

ئەو دانوستانانە راستەوخۆ بە رەزامەندی سەید حەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیان پێ کرد و مەحمود ئەحمەدینەژاد چەندان جار لە میدیاکانەوە رای گەیاند کە ئەو وەک سەرۆک کۆماری ئێران هیچ دەورێکی نەبووە لە دانوستاندنەکاندا.

ترەمپ لە سەرەتای خۆ پاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و لەکاتی بانگەشەکەردنی بۆ هەڵبژاردن، لە زۆربەی میتینگەکانیدا هێرشی دەکردە سەر رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران و لە ئەنجامدا بەهاری ئەمساڵ بە واژۆپکردنی فەرمانێک، وڵاتە یەکگرتووەکانی بە فەرمی لە رێکەوتنی ناوکی ئێران و وڵاتانی 5+1 هێنایە دەرەوە.

دوابەدوای هاتنەدەری ئەمەریکا لە رێکەوتنەکە، ترامپ بەردەوام هێرشی توندی بۆسەر کردارە میلیشیاییەکانی ئێران لە رۆژهەڵێتی ناوەڕاست، بەتایبەت سووریا و عێراق و یەمەن دەست پێ کرد و رای گەیاند، ئەو سزایانەی بەهۆی رێکەوتنی ناوکی لەسەر ئێران هەڵگیرابوون، بە زووترین کات دەگەرێنەوە شوێنی خۆیان، زۆربەی ئەو سزایانە بریتی بوون لە قەدەغەکردنی هەر مامەڵەیەکی ئابووری لەگەڵ تاران و بلۆک کردنی پارەی کاشی ئەو وڵاتە لە بانکە نێودەوڵەتییەکان.

هەفتەی پێشوو دوای سەردانی بنیامین نتانیاهو بۆ مۆسکۆ، حەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری باڵای حەلی خامنەیی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لەگەڵ پوتین کۆ بوویەوە، زۆربەی مییا و چاودێرانی سیاسیی جیهان ئەو دیدارەیان بەوە لێکح دایەوە کە ویلایەتی پەیامی خامنەیی بۆ پوتین بردبێت بۆ ئەوەی لە دیدارەکەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان لە هیلسنکی، بە ترەمپی بگەیەنێت.

ئەم ئێوارەیە ترەمپ و پوتین لە هیلسنکی دانیشتنێکی دووقۆڵییان ئەنجامدا کە پێشتر بەرنامەی بۆ داندرابوو، لە سەروبەندی ئەو دانیشتنەدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی ئەنجامدا و تیایدا لەبارەی پەیامەکەی حەلی خامنەییەوە رای گەیاند، هیچ پەیامێکی ئەوتۆ لەلایەن رێبەری ئێرانەوە رەوانەی ترەمپ نەکراوە.

بەهۆی گەمارۆ نوێیەکانی ئەمەریکا و کەمکردنەوە و راگرتنی هەناردەی نەوتی ئێران لە رێگەی ئۆپێکەوە کە زیاترین داهاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی نەوتەوە دابین دەکرێت، تاران تووشی تەنگژەیەکی قووڵی ئابووری هاتووە و بەهای تمەن بە رادەیەک نزم بۆتەوە کە چیتر هاوڵێتیان ناتوانن بژێوی ژیانیان دەستەبەر بکەن.

ترەمپ دەیان جار بە ئاشکرا ئەوەی راگەیاندووە کە لە رێگەی ئابوورییەوە نیازی هەیە ئێران سزا بدات و پاساوی بۆ ئەو کارەی ئەوەیە کە چیتر تاران توانایی مادی ئەوەندەی نەبێت بەرگری لە میلیشیاکانی واباستەی خۆی لە لبنان و سووریا و یەمەن و حێراق بکات و لە سەرەتای دەستپێکی پلانەکەی ئەمەریکاوە ئێران تووشی شڵەژانێکی یەکجار گەورە بووەتەوە.

بەڵام ئەوەی تا ئێستە روونە ئەمەریکا نیازی ئەوەی نییە لە رێگەی سەربازییەوە رووبەڕووی تاراب ببێتەوە و وەک ئەوەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاماژەی پێ دەدەن، ئامانجیان داڕمانی ئابووری تارانە بۆ ئەوەی بتوانن وانەیەکی پێ بدەن هەرگیز جارێکیتر بیر لەو رەفتارانەی پێشووی نەکاتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.



وشە - هیدایه‌ت جان