سبەی پەرلەمان كۆ دەبێتەوە

:: PM:08:39:16/07/2018 ‌
دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (8)ی ئاساییی خولی بەهارەی رۆژی سێشەم رێكەوتی 2018/7/17ی راگەیاند كە گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی تەمووز/ یۆلیۆ، بەگوێرەی بەرنامەی كاری دانیشتن كە پەرلەمانی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، بەرنامەی كاری دانیشتن بۆ ڕۆژی سێشەم بریتیە لە گفتوگۆكردنی (پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان) لەلایەن لیژنەی كاتی بۆ پێداچوونەوەی پەیڕەوی ناوخۆ ئامادە كراوە.

لەبەشێكی بەرنامەی كاری دانیشتنەکەدا هاتووە، بەپێی بڕیاری ژمارە (26)ی ساڵی 2014 و بڕگەی (8) لە مادەی (پەنجا و شەشەم)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ژمارە (1)ی ساڵی 1992 هەمواركراو و پاڵپشت بە مادەی (94)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو دانیشتنەكە بەڕێوە دەچێت.

دوێنێ‌ لەپەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی پڕۆژە یاسای هەمواری سێییەمی یاسای بەكرێدانی خانووبەرە و گفتوگۆكردنی (پێرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان) كە لەلایەن لیژنەی كاتی بۆ پێداچوونەوەی پێڕەوی ناوخۆ كرا و پڕۆژە یاسای هەمواری سێییەمی یاسای بەكرێدانی خانووبەرە پەسەند كرا .

لە هەفتەی ڕابردووش پەرلەمانی كوردستان بەگوێرەی پڕۆژە یاسایەك، بڕیاری هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی دەركرد و ئەمەش دوای ئەنجامدانی سێ‌ كۆبوونەوی بەدوای یەكدا.



وشە - رامیار جەواد