دوو مۆلیدە 20 جار زیاتر پارە لە هاووڵاتیان وەردەگرن

:: PM:09:30:16/07/2018 ‌
دوو مۆلیدەی نێو بازار بیست ئەوەندەی نرخی لیژنەی مۆلیدە پارەیان لە دوكاندارەكان وەرگرتووە و رووبەڕووی لێكۆڵینەوەی یاسایی دەكرێنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 14ـی تەمووز/ یۆلیۆ، لە ڕاگەیەندراوێكی قایمقامیەتی شارۆكەی كەلار هاتووە، لە نێو بازاری شاری كەلار دوو مۆلیدەی ئەهلی ئاشكرا دەكرێن كە بیست ئەوەندەی نرخی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكانی قایمقامیەت كارەبایان داوەتە دوكاندارەكان و بەو هۆیەشەوە رووبەرووی لێكۆڵینەوەی یاسایی دەكرێنەوە.

لە بەشێكی ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرا كراوە، لە لایەن لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكانی سەر بە قایمقامیەتی كەلار لە نێو بازاری شارۆكەی كەلار دوو مۆلیدەی ئەهلی ئاشكرا كراون كە بیست ئەوەندەی ئەو نرخەی لیژنەكەیان مانگانە دیاری دەكات پارەیان لە دوكاندارەكان وەرگرتووە.

قایمقامیەتی كەلار ئاماژەی داوە، بەشێوەیەك لە هەردوو مانگی پێنج و شەش لە كاتێكدا نرخی یەك سەعات كارەبای مۆلیدە بۆ هەر ئەمپێرێك 41 دینار و 44 دینار بووە، بەڵام ئەو مۆلیدانە خاوەن دوكانەكانیان فریوداوە و بە یەك هەزار دینار كارەبایان پێ فرۆشتوون.

فرۆشتنی ئەمپێر بەو نرخە لە كاتێكدایە، ئەو مۆلیدانە بە شێوەیەكی نهێنی و بەدەر لە ڕێنوێنییەكانی لیژنەكە ئەو كارەیان كردووە و بەو هۆیەشەوە بە بڕیاری قایمقامی كەلار سەرجەمی كارەبای دوكانەكانیان بڕیوە و فرۆشتنی كارەبایان قەدەغە كردووە.

 هاوكات خاوەنەكانیان رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە و پێویستیشە ئەو بڕە پارە زۆرەی وەریان گرتووە بیگەرێننەوە بۆ كاسبكارەكانی نێو بازاری كەلار.



وشە - رامیار جەواد