نێتفلێکس: ئەو تارماییەی هۆلیودی هەراسان کردووە

:: PM:11:03:16/07/2018 ‌
بۆ یەکەمجارە کۆمپانیای نێتفلێکس زیاترین خەڵاتەکانی ئۆمی بەدەست دەهێنێت و پێش سەرجەم کۆمپانیاکانی تری جیهان دەکەوێت، ئەو کەناڵە بە سەرمایەیەکی زەبەلاح و 126 ملیۆن هاوبەش کۆمپانیای هۆلیودی بە توندی خستووەتە ژێر پاڵەپەستۆوە.

کۆمپانیا و کەناڵی تەلەڤزیۆنی نێکست فلێکس بۆ یەکەمجار لە فێستیڤاڵی بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکانی "ئۆمی" پێش بەهێزترین رکابەری ئەو فێستیڤاڵە، واتا کەناڵی "HBO" کەوتەوە کە خاوەنی زنجیرە درامای تاج و تەختە و توانی زیاترین خەڵاتەکانی ئەو فێستیڤاڵە بۆ ساڵی 2018 بەدەست بهێنێت.

کۆمپانیای نێتفلێکس ساڵی 1998 دامەزرا، لە سەرەتای دامەزرانی کەس بڕوای بەوە نەدەکرد ئەو کۆمپانیا بچوکە بگاتە ئەو ئاستەی کە ئێستا تیایدایە، تەنیا لە ساڵی 2018دا نزیک بە 126 ملیۆن کەس لە جیهاندا ئابونەی ئەو کەناڵەیان کردووە و زیاتر لە نیوەی ئەو هاوبەشانە لە دەرەوەی ئەمەریکان.

نێتفلێکس لە سەرانسەری جیهاندا چالاکی دەکات و لە زیاتر لە 21 وڵاتی دونیادا فیلم بەرهەم دەهێنێت، لەوانەیش وڵاتانی هند، ئەڵمانیا، برازیل. ئێستە ئەو کەناڵە بەهۆی بەرهەمەکانییەوە زیاترین خەڵاتی فێستیڤاڵی ئۆمی کە هاوشانی ئۆسکارە، بەدەست هێناوە.

کۆمپانیای نێتفلێکس چالاکییەکانی بە ناردنی DVD بۆ ماڵەکان دەست پێ کرد، 11 ساڵ لەمەوبەر بوو بە کۆمپانیای گواستنەوەی میدیایی  و ماوەی پێنج ساڵە دەستی کردووە بە بەرهەم هێنانی زنجیرە درامای تەلەڤزیۆنی و لەناو هەمواندا زنجیرە درامای پڕبینەری وەک "ماڵی فشۆڵ"ی بەرهەم هێناوە کە چیرۆکی سیاسەتمەدارێکی دڵڕەقی ئەمریکییە.

نێتفلێکس 82 فیلمی سینەمایی بەرهەم دەهێنێت

یەک لەو تایبەتمەندییانەی وای کردووە نێتفلێکس ببێتە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ هاوڵاتیانی جیهانی، ئەوەیە کە بینەر توانای ئەوەی هەبێ هاوکات سەرجەم ئەو ئەڵقانەی پێشووتر لە درامایەکدا سەیری نەکردووە بەیەکەوە بیانبینێتەوە. ئەگەرچی ئەو کۆمپانیایە زنجیرە درامای زۆر سەرکەوتووی بەرهەم هێناوە، بۆ نموونە درامای "پرتەقاڵی هەمان رەشە" یان "راوچیانی ترۆل" ئەو درامایانە وایان کردووە تەنیا لە ئەمەریکادا پەنگ نەخواتەوە و پەل بۆ وڵاتانی تری دونیا بهاوێژێت، بۆیە ئەمساڵ زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی ئابوونەی ئەو کەناڵەیان کردووە، لە دەرەوەی ئەمەریکا بوون.

ئەو کۆمپانیایە رای گەیاندووە، بەم زوانە 13 ملیار دۆلار سەرمایە دەخاتە گەڕ بۆ بەرهەمهێنانی 700 فیلمی سینەمایی و زنجیرە دراما و کۆمێدیا و بەڵگە فیلم. هاوکات پلانی بۆ بەرهەمهێنانی 82 فیلمی سینەمایی داڕشتووە و "رید ستینگەر"، بەڕێوەبەری گشتی ئەو کۆمپانیایە رایگەیاندووە کە ئەوان تازە لە سەرەتای رێگەکەن و هێشتا پلانی گەورەتریان ماوە جێبەجێی بکەن.

ئەو هەواڵەی کۆمپانیای نێکست فلێکس، گەورە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلم لە جیهان "هۆلیود"ی خستووەتە دڵەڕاوکێوە و یەک لە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆمپانیایە رای گەیاندووە، نێتفلێکس بەنیازە ئەو کەشەی لە بەرهەمهێنان و پیشەی فیلمسازیدا درووست بووە، لەناوی ببات.

رکابەرە کۆن و نوێیەکانی نێتفلێکس لە هەوڵدان لەو بازاڕە دوا نەکەون، ئامازۆن و ئەپڵ و هۆڵۆ بە هەموو هێزێکەوە سەرقاڵی دانانی سەرمایەن لە سیستەمی گواستنەوەی میدیایی Streaming. ململانێ بۆ کڕینی ستۆدیۆی بەناوبانگی "فاکس سەدەی بیستەم" لەلایەن کۆمپانیاکانی سیزنی و کۆمکێستەوە دەستی پێ کردووە. ئەو کۆمپانیایانە گەرەکیانە بە لەبەردەستدابوونی تایبەتمەندییەکانی ئەو بەرهەمهێنەرە سینەماییە لەگەڵ نێتفلێکس بکەونە کێبڕکێوە  و رێگری لەوە بکەن رۆژێک لە ڕۆژان ئەو کۆمپانیایە جێگەی هۆڵیود بگرێتەوە.

پێشتر بەرێوەبەری کۆمپانیای نێتفلێکس رەخنەی زۆری لە سیاسەتی بەرهەمهێنانی فیلمەکانی هۆلیود دەگرت بەوەی هەمیشە فیلمەکانی بە گوێرەی بەرژەوەندی دەسەڵاتدارە زەبەلاحەکانی جیهان رێک دەخات و تیایدا سیاسەت بووە بە جێگرەوەی هونەر.

ئەو کۆمپانیایە بە دروستکردنی زنجیرە درامای "فشۆڵ" توانیویەتی بە شێوەیەکی هونەری و لەڕوانگەی هونەرەوە کەسایەتی سیاسەتمەدارێکی دڵڕەق بەرجەستە بکات و بەو هۆیەشەوە سەرنجی خەڵکی لە جیهاندا بۆلای خۆی رابکێشێت، بۆیە زۆربەی رەخنەگرە سینەماییەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زنجیرە درامایە پێیان وایە ئەگەر نێتفلێکس دەست بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی درێژ بکات، دەتوانێت هەنگاوێکی زۆر گەورەتر لە هۆلیود بهاوێت.

کۆمپانیای هۆلیود بە هەموو لکەکانییەوە کەوتوونەتە دروستکردنی بەربەست لەبەردەم گەشەکردنی نێتفلێکس، بەڵام وەک بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئاماژەی پێ دەدات، ئەو بەربەستانە بوون بە هۆکاری ئەوەی ئەوان زیاتر لەسەر پێشکەوتن و خزمەتگوزارییەکانیان سوور بن و خۆیان وەک کۆمپانیایەک ببینن کە خزمەت پێشکەش سەرجەم دانیشتووانی گۆی زەوی بە هەموو رەنگێکەوە بکات، نەک ئەوەی تەنیا خۆیان بە سیاسەتی وڵاتێکەوە ببەستنەوە.

هۆلیود لە ئێستەدا گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلمی سینەماییە لە جیهاندا و زیاتر لە سێ دەیەیە سەرجەم فێستیڤاڵە بەناوبانگەکانی جیهانی بە بەرهەمەکانی قۆرخ کردووە، بەڵام لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی ئەفغانستان رەخنەی زۆر ئاراستەی ئەو کۆمپانیایە کرا بەوەی راستەوخۆ لە بەرهەمەکانیدا گوزارشت لە خەونی سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا دەکات.

سەرچاوەکان/ دویچەوێلەویکیپێدیا


وشە - هیدایه‌ت جان