به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد، له‌گه‌ڵ توركیا له دانوستاندان، بۆ ئه‌وه‌ی له شوێنی ئێس 400ی ڕووسی، ئه‌نكه‌ره سیسته‌می دژه مووشه‌كی پاتریۆت له ئه‌مه‌ریكا بكڕێت.
تینا كیداناو هه‌ڵسوڕینه‌ری كاروباری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه بۆ كاروباری سیاسه‌تی سه‌ربازی به ڕۆژنامه‌وانانی ڕاگه‌یاند، شاندێكی به‌رپرسانی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان كۆبوونه‌ته‌وه، به‌و ئامانجه‌ی بازرگانی چه‌ك و به‌رگری ئه‌مه‌ریكا په‌ره پێ بده‌ن، له‌میانه‌ی پێشانگی ڤانبرۆی ئاسمانی.
زیاتر گوتی، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ توركیا به‌رده‌وامی هه‌یه و هه‌وڵده‌ده‌رێ توركه‌كان بیر له كڕینی سیسته‌می دژه مووشه‌كی پاتریۆت بكه‌نه‌وه، له شوێنی ئێس400ی ڕووسی، چه‌كی ئه‌مه‌ریكا بكڕێ، چونكه هه‌ردوو وڵات له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی ناتۆ ئه‌ندامن.
پێشتر توركیا دووجار ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه سیسته‌می دژه مووشه‌كی پاتریۆتی ئه‌مه‌ریكی بكڕێ، جارێك له شوێنی پاتریۆت سیسته‌مێكی دژه مووشه‌كی چینی كڕی و ئه‌مجاره‌یش ده‌یه‌وێ سیسته‌می ئێس 400ی ڕووسی بكڕێت، به‌رپرسانی توركیا دووپات ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌یانه‌وێ زیاتر له‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بیری لێ ده‌كاته‌وه، په‌ره به سیسته‌می ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازی وڵاته‌كه بده‌ن.
دوای هه‌وڵدان بۆ كڕینی سیسته‌می دژه مووشه‌كی ئێس 400ی ڕووسی، توركیا له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی توند بووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ریكایش له به‌رانبه‌ر ئه‌و كاره‌ی ئه‌نكه‌ره هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی فرۆشتنی فڕۆكه‌ی ئێف 35ی ئه‌مه‌ریكی به توركیا كرد.
پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌نكه‌ره و واشنتن دوای كوده‌تاكه‌ی ته‌مووزی 2016 ڕووی له گرژی كرد، پاش ئه‌وه‌ی واشنتن ڕه‌تی كرده‌وه فه‌تحولا گوله‌ن ڕاده‌ستی توركیا بكاته‌وه، جیا له‌وه‌یش بۆچوون و سیاسه‌تی جیاواز به‌رانبه‌ر به سووریا و پرسه گرنگه‌كانی ناوچه‌كه وای كردووه، توركیا و ئه‌مه‌ریكا به دوو ئاراسته‌ی جیاواز بڕۆن، هه‌رچه‌نده له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ردووكیان هاوپه‌یمانن له چوارچێوه‌ی ناتۆ دا.