ریال مەدرید 225 ملیۆنی بۆ هازارد و كۆرتوا ئامادە كردووە

:: AM:09:04:17/07/2018 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایان كرد، كارگێڕی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشێوەی فەرمی دەستەوارەیەكی پێشكەش بە یانەی چێڵسی كردووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ هەردوو ئەستێرە ئیدین هازارد و تیبۆ كۆرتوا.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی ئاشكرای كرد كە بەهای گرێبەستەكەی یانەی ریال مەدرید بۆ هەردوو ئەستێرەكەی بەلجیكا هازاردی هێرشبەر و كۆرتوای گۆڵپارێز 225 ملیۆن یۆرۆ بووە.

یانەی ریال مەدرید بەو هیوایەیە لەم ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا بتوانێ بەیەكجار هەردوو ئەستێرەكەی یانەی چێڵسی بەدەستبێنێ كە لەگەڵ هەڵبژاردەی بەلجیكا لە مۆندیالی 2018ی رووسیادا باشترین ئاستیان پێشكەش كرد.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە یانەی چێڵسی پێیوایە ئەم بڕە پارەیە (225 ملیۆن یۆرۆ) تەنیا نرخی هازاردە و بۆ دەستبەرداربوونی كۆرتواش بڕی 30 تا 35 ملیۆن یۆرۆی تری دەوێ، چونكە ئەم گۆڵپارێزە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا گرێبەستەكەی تەواو دەبێت و یانەكەش نایەوێ بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر لەدەستی بدات.

جێی باسە هەڵبژاردەی بەلجیكا لە مۆندیالی 2018ی رووسیادا پلەی سێیەمی هەڵبژاردەكانی بردەوە، لەم پاڵەوانەتییەدا كۆرتوا خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی پێدرا و هازاردیش دوای لۆكا مۆدریچ بە دووەم باشترین یاریزانی پاڵەوانیەتییەكەی دیاری كرا.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م