نەوت بۆ نزمترین نرخی لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا دابەزی

:: AM:09:18:17/07/2018 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە دابەزیندایە و لە دوێنێ دووشەمەوە كە هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە كراوەتەوە سەرووی 4% لە نرخی نەوت دابەزیوە.

كاتێك بازاڕەكە كرایەوە نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بریتی بوو لە 74 دۆلار و 80 سەنت، بەڵام نرخەكەی سەرووی سێ دۆلار دابەزی و گەیشتە 71 دۆلار و 80 سەنت و ئەمەش بە نزمترین نرخی نەوت لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا هەژمار دەكرێت.

بەگوێرەی DAILYFX هاوكات نرخی نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە WTI لە 70 دۆلار و 50 سەنتەوە دابەزیوە بۆ 67 دۆلار و 86 سەنت، ئەمەش بە نزمترین نرخی ئەم جۆرە نەوتە لە ماوەی یەك مانگی رابردوو هەژمار دەكرێت.

رەوینەوەی نیگەرانییەكان لەبارەی هەناردەی نەوت و دەستپێكردنی بەندەرەكانی نەوتی لیبیا بۆ هەناردەكردنی نەوت بەشێك بوون لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت. هاوكات فەرمانگەی وزەی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە كە بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی ئەو وڵاتە بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ 143 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز دەبیتەوە و دەگاتە حەوت  ملیۆن و 470 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كە بە شكاندنی ژمارەی پێوانەیی لە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە نەوتە هەژمار دەكرێت.

دوای ئەوەی ئەمەریكا بڕیاری دا سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات، گرنگترین نیگەرانییەكانی بازاڕی نەوت كەمی بەرهەمهێنان بوو، بەڵام بەو هۆكارانە كە ئاماژەیان پێ كرا، ئەو نیگەرانییە رەویوەتەوە بۆیە نرخی نەوت دابەزیوە.




وشە - سلێمان تاشان