كۆمپانیای
ئەستۆن مارتنی بەریتانی، دەستی بە پەرەپێدانی فڕۆكەیەكی بچووك كردووە كە بە فڕۆكەی كەسی و خێزانی ناو دەبرێ، چونكە شوێنی تەنیا سێ كەسی دەبێتەوە و نرخەكەیشی دەگاتە پێنج ملیۆن پاوەند.
فڕۆكەكە بە سێ پەروانەوە دروست كراوە و بەشێوەیەكی ستوونی دادەبەزێت، بۆیە پێویست بەوە ناكات، لە شوێنێكی فرەوان بنیشێتەوە و لە هەموو شوێنێك كە پانتایییەكەی هێندەی قەبارەی فڕۆكەكە بێ، دەتوانێی بە ئاسایی داببەزێتە خوارەوە.
پەیكەری فڕۆكەكە بە كاربۆن دروست كراوە و پێشبینی دەكرێ، لە پێشانگی ڤارنبور بۆ بەرهەمی فڕۆكە و ئامێرەكانی گواستنەوەی ئاسمانی لە بەریتانیا پێشان بدرێت.
ڕووكاری پێشووەی فڕۆكەكە بە تەواوی لە شووشەیەكی بەهێز دروست كراوە و دەتوانێ 100 میل لە سەعاتێكدا بڕوات، ماوەی پێنج ساڵە كۆمپانیاكە بیرۆكەی ئەو جۆرە فڕۆكەیەی ئاشكرا كردووە و ئەمساڵ بەرهەمی هێناوە و دەیخاتەڕوو.
گرفتی سەرەكی ئەو فڕۆكەیە نەبوونی پەڕەشووتی و تایبەتمەندی خۆفڕێدانە لە حاڵەتی تووشبوون بە ڕووداوەكان، ئەمەیش كارەساتێك تووشی سەرنشینانی دەكات و ناتوانن لە فڕۆكەكە بێنە خوارەوە و خۆیان دەرباز بكەن.