كتێبخانەیەكی دهۆك بەشێوازێكی جیاواز كتێب دەفرۆشێ

:: AM:11:43:17/07/2018 ‌
كتێبخانە و قاوەخانەیەكی سەنتەری شاری دهۆك، بەشێوازێكی جیاواز و بە ئامانجی خزمەتی زیاتری خوێنەران، ئەو كتێبە كۆنانەی خوێنەران پێشتر كڕیویانە و خوێندوویانەتەوە لە بەرانبەر كتێبی نوێ پێیان دەفرۆشێتەوە.

دیندار سلێمان خاوەنی كتێبخانە و قاوەخانەی قوبەهان لە شاری دهۆك بۆ "وشە" گوتی، كتێبخانە و قاوەخانەی قوبەهان وەك ئۆفەرێكی تایبەت بۆ خوێنەران، بە شێوازێكی نوێ دەست بە فرۆشتنی كتێب دەكات، هەر خوێنەرێك كتێبێكی كۆن بهێنێتەوە، لە بەرانبەردا كتێبێكی نوێی پێ دەدرێ، واتە كڕینی كتێبە نوێكان لە جیاتی پارە بە كتێبی كۆن دەبێت.

زیاتر گوتی، خەڵكی دەتوانن ئەو كتێبانەی لە ماڵەوە چەند جارێك خوێندوویانەتەوە، یان هی كەسانی مردووە و لە ماڵەوە ماوەتەوە، دەتوانن كتێبە كۆنەكان بۆ كتێبخانەكەمان بهێنن و لێیان دەكڕینەوە و دواتریش دەتوانن كتێبی نوێ و تازە چاپكراوی پێ بكڕن.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ئەو شێوازە هیچ سوودێكی مادی بۆ ئێمە نییە و تەواوی سوودی بۆ خوێنەران و خەڵكی دهۆكە و تا ئێستە تەنیا لە كتێبخانەكەی ئێمە ئەو جۆرە مامەڵە ئەنجام دەدرێ و لە شارەكانی تری كوردستان مامەڵەی هاوشێوە بوونی نییە، بەڵام بۆ ماوەیەكی كاتی ئەم كارە ئەنجام دەدەین و كاتەكەیش درێژە نەك هەفتە و یان مانگێك بێت.

كتێبخانەی قوبەهان جیا لە فرۆشتنی كتێب، چالاكی ڕۆشنبیری و هونەری كولتووری و كۆڕ و سیمیناریشی لێ ئەنجام دەدرێ و یەكێكە لە سەكۆ چالاكەكانی ڕۆشنبیری لە پارێزگای دهۆك.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.







وشە - باز ئه‌حمه‌د