شەش حاڵەتی نەخۆشی ئایدز لە دهۆك تۆمار كران

:: PM:03:13:17/07/2018 ‌
لە پارێزگای دهۆك لیژنەیەكی باڵا بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییە گواستراوەكان پێكهێنراوە و ڕێوشوێنی پێویستیش دژی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون گیراوەتە بەر.

ئەمڕۆ سێشەم 17ی تەمووز/ یۆلیۆ، بەهزاد عەلی جێگری پارێزگاری دهۆك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لیژنەیەكی باڵا پێكهێنراوە بۆ بەدواداچوون و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ بەرنگاربوونەوەی هەموو نەخۆشییە گوازراوەكان بە تایبەتی تای خوێنبەربوون و ئایدز و كولێرا.

لای خۆیەوە نزار عیسمەت بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆك ئاماژەی بەوە كرد، تا ئێستە لە سنووری پارێزگای دهۆك هیچ  حاڵەتێكی تای خوێنبەربوون و كولێرا تومار نەكراوە، بەڵام شەش حاڵەتی ئایدز لە سنووری پارێزگای دهۆك تۆمار كراون.

زیاتر گوتی، ڕێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر بۆ ئەوەی هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی گوازراوە لە دهۆك بڵاو نەبێتەوە و ئەوانەیشی هەیە چارەسەری پێویستیان بۆ دەكرێ‌.

ئەوە لەكاتێكدایە كە تا ئێستە تەنیا یەك حاڵەتی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە كوردستان تۆمار كراوە و دوای چەند رۆژێك لە تووشبوونی كەسەكە چارەسەری بۆ كرا.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری



وشە - سه‌رخێڵ هاشم