فه‌رهاد پیرباڵ ئازاد كرا

:: PM:05:58:17/07/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رای گەیاند، ئەمڕۆ د. فەرهاد پیرباڵ لە بەندیخانە ئازاد کراوە و بڕیارە بەم زوانە رەوانەی دەرەوەی کوردستان بکرێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 17ى ته‌مووز/یۆلیۆ، لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسى پارێزگای هه‌ولێر، رای گەیاند، فەرهاد پیرباڵ ئازاد کرا و‌ به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته‌ پزیشكیانه‌ى له‌به‌رده‌ستن، له‌ داهاتوویه‌كى نزیك ڕه‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌كرێت بۆ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ری پێویستى ده‌روونى و جه‌ستەیی.

فەرهاد پیرباڵ لەسەر سكاڵای مونا قەهوەچی، پەرلەمانتاری توركمان لە پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە گیرا،  داوای پەرلەمانتارەكەی لەسەر ئەوە بوو فه‌رهاد پیرباڵ لە بازاڕی  نزیك  قەڵای  هەولێر قسەی نەشیاوی بەرامبەر خۆی و  هاوسەرەكەی كردووه‌.

فەرهاد پیرباڵ، نووسەر، لێكۆڵەر و مامۆستای زانكۆ لە ساڵی 1961 لە هەولێر لە دایك بووە و لە زانكۆی سلێمانی خوێندنی تەواو كردووە. لە ساڵی 1984 چووەتە ڕیزی یەكێتیی نووسەرانی شاخەوە، هەر لە ناو یەكێتییەكە یەكەمین كتێبی چاپ كردووە كە شانۆنامەیەكە بە ناونیشانی "ماڵئاوایی وڵاتەكەم".

هەفتەیەك دوای تەواوكردنی دكتۆراكەی لە زانكۆی سۆربۆن لە بواری "مێژووی ئەدەبی نوێی كوردی"دا پیرباڵ مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی  1994 گەڕاوەتەوە كوردستان و لە ساڵی1994 لە زانكۆی سەڵاحەدین دامەزراوە.


وشە - محەمەد میران