هەناردەی نەوتی ئێران بۆ 700 بەرمیل کەم دەکرێتەوە

:: PM:06:46:17/07/2018 ‌
گەمارۆکانی ئەمەریکا پێوەست بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەرە بەرە رەنگدانەوەی دەبێت، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رای گەیاندووە، ئەو گەمارۆیانە دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ یەک لەسەر سێی رێژەی ئێستەی دابەزێت.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێکەوتنی ناوکی ئێران و وڵاتانی 5+1ی واژوو کرد، واشنتن رای گەیاند، هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەگەیەنینە ئاستی سفر و سعودیا و ئیمارات رەزامەندی خۆیان پێشاندا بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی بۆشایی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بازاڕی نەوتی جیهانیدا پڕ بکەنەوە.

دوای ئەو بڕیارەی ئەمەریکا، تاران هەڕەشەی بەستنی گەروی هورمزی لە کەنداو کرد و بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران رای گەیاند، لە ئێستەدا سەرقاڵی دۆزینەوەی کڕیاری نوێی نەوتی ئێرانە بۆ ئەوەی قەرەبووی راگرتنی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی بکات لە رێگەی ئۆپێکەوە.

دوای دوو مانگ بەسەر بڕیارەکەی ترەمپدا، ئێستە واشنتۆن هەندێک نەرمی لە بەرانبەر ئەو بابەتەدا نواندووە و رای گەیاندووە، لەوانەیە بۆ هەندێک لە وڵاتە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا کە پێویستیان بە نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، چاوپۆشی لە سزاکەیان بکەن.

زۆربەی شارەزایانی بواری نەوت پێیان وایە، سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا بۆ ئێران تا رادەیەکی بەرچاو کاریگەری دەبێت بۆ دابەزینی ئاستی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران و زۆرێک لە ناوەندە ئابوورییەکان پێشبینی ئەوەیان کردوە، ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ یەک لەسەر سێی رێژەی هەناردەکردنی ئێستەی دادەبەزێت و دەگاتە 700 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

لە ئێستەدا وڵاتی چین رۆژانە 650 هەزار بەرمیل نەوت لە ئێران دەکڕێت و بەمەیش بووەتە گەورەترین کڕیاری نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران و پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە رەنگە بە پشتگوێخستنی بڕیارەکەی ئەمەریکا بەردەوامی بە مامەڵەکردن و کڕینی نەوتی خام لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بدات.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، ئەگەر چین پشتیوانی لە سزاکەی ئەمەریکا بکات و بەدوای جێگرەوەیەکی نوێدا بگەڕێت بۆ ئەوەی نەوتی لێ بکڕێت، ئەو رێژەیە لە هەناردەکردنی نەوتەی ئێران بۆ کەمتر لە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دادەبەزێت.

سەرچاوە/ زەمانە




وشە - هیدایه‌ت جان