گورگە بەتەنیاكان.. بۆ تیرۆریستان ستراتیجیەتە یان تەكتیك؟

:: PM:07:11:17/07/2018 ‌

لە ساڵانی دواییدا بابەتی "گورگە بەتەنیاكان" كە سەرچاوەی زۆرینەی هێرشە تیرۆریستییەكانن لە وڵاتانی رۆژئاوادا، سەرنج و گرنگیی ناودەوڵەتی سیاسی و تەناهی و توێژینەوەیی بۆلای خۆی راكێشاوە، بەو پێیەی یەكێكە لە دیارترین دەركەوتەكانی عەولەمەیی تیرۆر و پەرەسەندنەكانی سەلەفیەتی جیهادی، لەوبارەوە لە راپۆرتێكی شیكاری توێژەری ئوردنی سعوود شەرەفات، شارەزا لە پرسەكانی عەولەمە و تیرۆر تیشك دەخاتە سەر ئەو بابەتەوە.

زیادبوونی گرنگیدان بەو پرسە و بەكارهێنانی ئەو شێوازەی تیرۆر لەلایەن رێكخراوی قاعیدە و دواتر داعش لە دوای 2014 بەتایبەتی لەسەر گۆڕەپانەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا، سەرەڕای ئەوەیشی كە لە 2017 رێژەی كردە تیرۆریستییەكان لە دنیا لە رێگەی "گورگە بەتەنیاكان"ەوە 2% لە كۆی كردەكان پێك نەهێناوە، بەڵام مەترسیداری لە رووی تەناهی و كاریگەری سایكۆلۆجی لە تۆقاندنی كردەی گرووپ و رێكخراوەكانی تیرۆریستی زیاترە. 

لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە كە ئاخۆ بەكارهێنانی ئەو جۆرە تۆقاندنە لەلایەن رێكخراوەكانی سەلەفیی جیهادی تەنیا تەكتیكێكی كاتییە یان ئیسراتیجیەتێكی درێژخایەن لەسایەی شكستە دووبارەبووەكانیان و ئەو راوەدوونانەی لەلایەن دەوڵەتەكانەوە بۆیان هەیە؟.

ئەوەی لە ئەدەبیاتی تیرۆر بە "گورگە بەتەنیاكان" ناوی دێت وەك رەوتێكی لاوەكی بووە لە دیاردەی تیرۆر، بەڵام دواتر خۆی بووە دیاردە، لە دەیەی رابردوو و تا پێش هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001 لەدژی ئەمەریكا، ئەو جۆەی تیرۆر لەو بابەتانە بووە كە گرنگییەكی زۆری لەلایەن دەزگا تەناهی و هەواڵگرییەكانەوە پێ نەدراوە لە دنیا، كاتێك گرنگی ئەوان زیاتر بریتی بووە لە چاودێری و بەدواداچوون بۆ گرووپە تیرۆریستییەكانی ناسراو. 

یەكەم بەكارهێنانی نوێ بۆ ئەو دەستەواژە بۆ ساڵی 1990 دەگەڕێتەوە كە لەلایەن تۆماس لینتۆن میتزیگر، سەركردەی گرووپی رەگەزپەرستیی توندڕۆی ناسراو لە ئەمەریكا بەناوی "ئارییەكانی سپیپێست" لە ویلایەتی ئەندیانا، كە یەكێك بوون لە گرووپەكانی نازییەكانی نوێ و پێوەندیدار بوون بە گرووپی "كۆ كلۆكس كلان"ی توندڕۆ كە ئەوانیش بانگەشەی باڵایی رەگەزی ئاری و دوژمنایەتی رەشپێستەكان و جو و موسڵمان و كەمینەكانیان دەكرد، هەروەها دژی كۆچكردن و دانی باج بە حكوومەت بوون و لە ئەدەبیاتی ئەمەریكا بە راستڕۆی توندڕۆ پۆلێن كراون. 

میتزیگر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی بانگێشتێكی بڵاو كردبووەوە بۆ چەكهەڵگرتن بەناوی "چەند یاسایەك بۆ گورگە بەتەنیاكان" و تیایدا داوای لەلایەنگرانی كرد بۆ كاركردن وەك شەڕوانی تاك و نهێنی بۆ خۆپاراستن لە چاودێری هێزە تەناهییەكان و نووسینگەی فیدراڵی تایبەت بە تیرۆری ناوخۆیی لە ئەمەریكا لەدژی ئامانجەكانی حكوومەتی، بۆیە نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریكا كارەكانی ئەو گرووپەی لە نێوان ساڵانی 1990-1998 بەناوی "كردەی گورگە بەتەنیاكان" ناونا، بەتایبەتی ئەو كردانە پێوەست بوون بەناوی ئەلیكسەندەر جیمس كۆرتیس، یەكێك لە لایەنگرە گرنگەكانی میتزیگر و راستڕۆی توندڕۆ كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا راوەدووی نرا تا دادگاییكردنی لە ساڵی 2000.  

بەكارهێنانی ئەو دەستەواژە لەئامێزی راستڕۆی توندڕۆی كریستیان لە ئەمەریكا پەرەی سەند ئەو كاتەی لە 1983 لیس بیم، سەركردە لە راستڕۆی توندڕۆی كریستیان و ئەندامی گرووپی كلان و ئارییە سپیپێستەكان مەنەفێستی "بەرگریكردن بۆ سەركردایەتی" بڵاو كردەوە كاتێك بەلایەنگرانی دەگوت، گرووپێكی بچووك یان تەنیا كەسێك دەتوانێت رووبەڕووی بەهێزترین حكوومەت لەسەر زەویدا بێتەوە، دواتر لە كۆتایی نەوتەكانی سەتەی رابردوو ئەو دەستەواژە بڵاوتر لەلایەن دەزگاكانی راگەیاندنی ئەمەریكاوە بەكار هات، وەك ئەوەی لە 16ی ئابی 1999 رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكایی وتارێكی گرنگی بەناونیشانی (رووە نوێیەكەی تیرۆر "گورگە بەتەنیاكان" لەسەر بنەمای رق گەشە دەكات، جا لەو ساتەوە تێبینی كرا كە بەكارهێنانی دەستەواژەكە گەوتە ناو بەكارهێنانێكی فرەوان لەناو دەزگاكانی راگەیاندن و وەشان و توێژینەوە لە دنیا.  

ئەمڕۆ دیاردەی "تیرۆری گورگە بەتەنیاكان"، دیاردەیەكە سنووری ئاین و ئایدۆلۆجیاكانی بڕیوە، ئەوەی دوای ئەوەی تەنیا بەشێكی لاوەكی بوو لە دیاردەی تیرۆر لە رابردوودا و ئەو پێوەندییەكی بەهێز و راستەوخۆیشی بە بەڕێوەچوونی عەولەمە و میكانیزمەكانی تەكنۆلۆجیا و كولتوورییەوە هەیە و بووەتە دیاردەیەكی گرنگ و زۆر ترسناك، بەتایبەتی دوای دەركەوتنی رێكخراوی قاعیدە و گرنگیدانی دنیا بە دیاردەی تیرۆر و رەفتارە وەحشگەرییەكانی داعش لە دوای 2014. 

ئەو دیاردە لە سەردەمی عەولەمەی نوێ بڵاو بووەوە، چونكە رێكخراوی قاعیدە لە 2011ەوە و دواتر داعش هانی بەكارهێنانی ئەو شێوازەی تیرۆری لە جەنگێكی كراوە و لە بەرانبەر هەموو دوژمنەكانیان دا بێ چاوەڕوانیكردنی فەرمان لە سەركردایەتی، بۆیە بەشێك لە توێژەرانی رۆژئاوا وای دەبینن كە دیاردەی تیرۆری گورگە بەتەنیاكان پێنجەم شەپۆڵی دیداردەی تیرۆر لە دنیا یان "دوژمنی تۆقێنەری ژمارە یەك لە دنیا"، پێك دێنێت. 

پێ دەچێت بەكارهێنانی ئەو شێوازەی تیرۆر لەلایەن گرووپەكانی سەلەفی جیهادی شەڕوان لە تەنیا تەكتیكێك دەرناچێت كە پەنای بۆ دەبەن بەتایبەتی لەدژی دوژمنانی دوورە دەست و نابێتە ستراتیجیەت، چونكە ئەوان لە كۆتایەكەی ئامانجیان دامەزراندنی دەوڵەتی خیلافەت و فرەوانخوازییە لەسەر زەوی و بەكارهێنانی شێوازی "گورگە بەتەنیاكانیش" ئەو مەرجە ناپێكێت.

سەرچاوە/ حەفریات




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل