میسر و ئیسرائیل سنوورەکانیان بەڕووی غەزەدا داخست

:: PM:08:58:17/07/2018 ‌
ئیسڕائیل لە وەڵامی هێرشی چەکدارانی فەڵەستینیدا رێگای هەناردەکردنی سووتەمەنی لە کەرتی غەزەوە بۆ فەڵەستین راگرت و هاوکات میسڕیش رای گەیاند، تا کاتێکی نادیار سنووری وشکانی نێوان وڵاتەکەی و فەڵەستینی داخست.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم ی تەمووز/یۆلیۆ، ئیسڕائیل لە وەڵامی هێرشی بەردەوامی چەکدارە فەڵەستینییەکاندا رای گەیاند، سنووری کەرەم ئەبوسالمی داخستووە، زۆربەی پێداویستییەکانی وەک سووتەمەنی و غازی ئیسڕائیل لەو سنوورەوە هاوردەی فەڵەستین دەکرێت.

ئاڤیگدۆڕ لیبەرمەن، وەزیری بەرگری ئیسڕائیل رای گەیاندووە، لە رۆژی سێشەم 17ی تەمووز تا رۆژی یەکشەم 22ی تەمووز، بە شێوەیەکی کاتی هەناردەکردنی نەوت بۆ فەڵەستین لە سنووری کەرەم ئەبوسالم راگیرا، بەڵام رێگا بە هەناردەی خۆراک و دەرمان دەدرێت لەو سنوورەوە بچێتە ناو فەڵەستین.

گرووپی ئیسلامی توندئاژۆی حەماس شەوی شەموو ئاگربەستی یەکلایەنەیان بەرانبەر ئیسڕائیل راگەیاند، بەڵام بەرپرسانی سەربازی ئیسڕائیل رایان گەیاند، سەرباری ئەوەی ئاگربەست لەلایەن چەکدارە توندئاژۆکانەوە راگەیەندراوە، چەند جارێک موشەکیان بەرەو ئیسڕائیل تەقاندووە.

پێشتریش ئیسڕائیل بازنەی سنووری ئاوی کەرتی غەزەی زیاتر تەسک کردبووەوه‌ و بەلەم و ماسیگرە فەڵەستینییەکان بۆیان نییە زیاتر لە سێ میل لە کەنارەکان دوور بکەونەوە، پێشتر رێگەپێدراو بوو تا شەش میل لە کەنار ئاو دوور بکەونەوە، وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل تەسک کردنەوەی ئەو بازنەیەی لە پێناو رێگرتن لە هەناردەی چەکی قاچاغ بۆ خاکی فەڵەستین و بەرگریکردن لە هاووڵاتییانی ئیسڕائیل ناو برد.

میسر هاوکات لەگەڵ ئیسڕائیل ئەمڕۆ سنووری وشکانی "رەفع"ی بەڕووی فەڵەستیندا بەست، هەرچەند زیاد لە سێ ساڵە میسر بە هاوبەشی ئیسڕائیل بە ئامانجی لاوازکردنی حەماس بازنەی سنووری ئاوییەکانی غەزەیال لە فەڵەستین گەمارۆ داوە.

حەماس لە کۆتایی مانگی رابردووەوە وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر گەمارۆدانی سنوورە ئاوییەکانی فەڵەستین، لەسەر سنووری ئیسڕائیل کۆمەڵێک خۆپیشاندانی بەڕێ خستووە و تا ئێستە بەهۆیەوە 130 کەس لەلایەن سەربازانی ئیسڕاییلەوە کوژراون، وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل رای گەیاندووە، ئەوان تەنیا پارێزگارییان لە سەروەری خاکەکەیان کردووە.




وشە - هیدایه‌ت جان