پەرلەمانی كوردستان نووسراو ئاراستەی بەغدا دەكات

:: AM:08:47:18/07/2018 ‌
بڕیارە لەسەر كردنەوەی ڕێی هەولێر – كەركووك پەرلەمانی كوردستان نووسراوێك ئاراستەی حكوومەتی عێراق بكات و بە ڕێكاری دەستووری و یاسایییەكان رێی نێوان هەولێر- كەركووك بكرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی تەمووز/ یۆلیۆ، لە ڕاگەیەنراوێكی پەرلەمانی كوردستان هاتووە، لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەسەرپەرشتی شوان شێخ ئەحمەد سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی جێگر و بڕیاردەر و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەكە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە ئاشكرا كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا لیژنە تاوتوێی ئەو نووسراو و یاداشتانەی كرد كە ئاراستەی لیژنەكە كرابوون بەمەبەستی بەدواداچوونیان و لێكۆڵینەوە لێیان، بەتایبەت ئەو سكاڵایانەی كە دانیشتووانی دووز ئاراستەی لیژنەكەی كردبوون كە داوای ئارامی و خزمەتكردنی زیاتر دەكەن.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا لیژنەكە نووسراوێك ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بكات بۆ ئەوەی لەڕێی ئەوانەوە بەنووسراو داوا لە دەسەڵاتدارانی حكوومەتی ناوەند بكرێت بە ڕێكارە دەستووری و یاسایییەكان رێی نێوان هەولێر- كەركووك بكرێتەوە، كە لە دوای ڕووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەرەوە ئەم ڕێیە بەڕووی هاووڵاتییاندا داخراوە و  ئاستەنگی زۆری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست كردووە.

دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووی باڵێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشێكی زۆری خاكی هەرێمی كوردستان كەوتە دەست حەشدی شەعبی تا ئێستەش ڕێی هەولێر – كەركووك داخراوە.



وشە - رامیار جەواد