یاریزانانی ئەو یانانەی لە مۆندیال زۆرترین گۆڵیان تۆمار كردبوو

:: AM:08:59:18/07/2018 ‌

یاریزانانی هەردوو یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی و تۆتنهامی ئینگلیزی لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیادا كە سەرەتای ئەم هەفتەیە كۆتایی هات، زۆرترین گۆڵیان تۆمار كردبوو.

یەكشەمی رابردوو بەفەرمی ركابەرییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا كۆتایی هات و تێیدا لە یاریی كۆتاییدا هەڵبژاردەی فڕەنسا بە ئەنجامی 4-2 گۆڵ لە هەڵبژاردەی كڕواتیای بردەوە و بۆ دووەمجار لە مێژوودا بووە پاڵەوانی مۆندیال.

یاریزانانی هەردوو یانەی پاریس سان جێرمان و تۆتنهام بەیەكەوە بە تۆماركردنی 12 گۆڵ لە ریزبەندی یەكەمی ئەو یانانە هاتن كە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكانیان زۆرترین گۆڵیان تۆمار كرد.

لە ریزبەندی سێیەم و چوارەمیشدا هەردوو یانەی ئیسپانی بەرشەلۆنە 11 گۆڵ و ریال مەدرید 10 گۆڵ هاتبوون.

گۆڵكارەكانی یانەی پاریس سان جێرمان برێتی بوون لە كیلیان مباپێی فڕەنسی 4 گۆڵ، ئیدینسۆن كاڤانی ئۆرگوایی 3 گۆڵ، نیمار دا سیلڤای بەڕازیلی 2 گۆڵ.

لە ریزی یانەی تۆتنهامیش هاری كینی هێرشبەر و كاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا بە تۆماركردنی 6 گۆڵ ببووە گۆڵكاری پاڵەوانیەتییەكە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م