نرخی نەوت كەمێكی تر دابەزی

:: AM:09:19:18/07/2018 ‌

دوای ئەوەی لە یەكەم رۆژی ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆڕسە نرخی نەوت گەیشتە نزمترین ئاستی لە ماوەی سێ مانگدا، لە 24 سەعاتی رابردووش كەمێكی تر دابەزینی تۆمار كرد.

رۆژی دووشەم كاتێك بازاڕەكە كرایەوە، نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بریتی بوو لە 74 دۆلار و 80 سەنت، بەڵام نرخەكەی سەرووی سێ دۆلار دابەزی و گەیشتە 71 دۆلار و 80 سەنت و ئەمەش بە نزمترین نرخی نەوت لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا هەژمار دەكرێت.

بەگوێرەی DAILYFX  دوێنێ سێشەم نرخی نەوت زیاتر دابەزی و گەیشتە 71  دۆلار و 50 سەنت و لە چەند سەعاتی یەكەمی ئەمڕۆ چوارشەمیش 20 سەنت لە نرخەكەی هەڵكشاوە و بە 71  دۆلار و 70 سەنت دەفرۆشرێت.

هاوكات نرخی نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە WTI لە 24 سەعاتی رابردوودا لە 68 دۆلارەوە دابەزیوە بۆ 67 دۆلار و 50 سەنت.

رەوینەوەی نیگەرانییەكان لەبارەی هەناردەی نەوت و دەستپێكردنی بەندەرەكانی نەوتی لیبیا بۆ هەناردەكردنی نەوت، بەشێك بوون لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت. هاوكات فەرمانگەی وزەی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە كە بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی ئەو وڵاتە بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ 143 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز دەبیتەوە و دەگاتە حەوت  ملیۆن و 470 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كە بە شكاندنی ژمارەی پێوانەیی لە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە نەوتە هەژمار دەكرێت.

دوای ئەوەی ئەمەریكا بڕیاری دا سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات، گرنگترین نیگەرانییەكانی بازاڕی نەوت كەمی بەرهەمهێنان بوو، بەڵام بەو هۆكارانە كە ئاماژەیان پێ كرا، ئەو نیگەرانییانە رەویونەتەوە بۆیەش نرخی نەوت دابەزیوە.





وشە - سلێمان تاشان