زێدان دووبارە دەچێتەوە پاڵ رۆناڵدۆ

:: AM:10:07:18/07/2018 ‌

بەگوێرەی زانیارییە رۆژانامەوانییەكان زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی لە هەوڵی ئەوەدایە دووپارە بچێتەوە پاڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و لە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی پۆستێكی باڵا وەربگرێت.

رادیۆی ئیسپانیا ئاشكرای كرد: كارگێڕی یانەی یۆڤانتۆس بەسەركردایەتی ئەندریا ئانیێلی خۆی یەكلایی كردۆتەوە بۆ دامەزراندنی زێدانی راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی وەك بەڕێوەبەری وەرزشی و راوێژكار لە یانەكەیاندا.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە یانەی یۆڤانتۆس لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو (مانگی 10) بەشێوەی فەرمی دامەزراندنی زێدان لە ریزی یانەكەی رادەگەیەنێ.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی یۆڤانتۆس چەند رۆژێك پێش ئێستا بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ باشترین یاریزانی ریال مەدرید و جیهان كریستیانۆ رۆناڵدۆ راگەیاندبوو بە ماوەی 4 ساڵ بە بەهای 105 ملیۆن یۆرۆ و بە مووچەی سەڵانەی 30 ملیۆن یۆرۆ.

جێی باسە زێدان لە كۆتایی مانگی رابردوو بڕیاری وازهێنانی لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی دابوو دوای ئەوەی بۆ سێیەمساڵ لەسەریەك ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپای بۆ یانەكە بەدەستهێنابوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م