تویتەر قەڵاچۆی ئەكاونتە وەهمییەكان دەكات

:: AM:10:27:18/07/2018 ‌
كۆمپانیای تویتەر لە ماوەی سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2017 58 ملیۆن ئەكاونتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر سڕیوەتەوە و ڕێوشوێنەكانیشی زۆر توند كردووە، بۆ ڕێگری لە دروستكردنی ئەكاونتی نەناسراو و بەكارهێنانی تۆڕەكە بۆ مەبەستی شاراوە و بە ناو و زانیاری شاراوەوە.

ئەسیۆشەیتد پرێس بڵاوی كردووەتەوە، ئەو داتا و زانیارییەی لە كۆمپانیایەكی تایبەت وەرگرتووە، كە ئیشی سەرەكی ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی ئەكاونتە شاراوەكان و وەهمی و گومان لێكراوەكانە، ئەو هەڵمەتەی تویتەریش لە دوای ئاشكرابوونی دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنی 2016ی سەرۆكایەتی ئەمەریكا دەستی پێ كردووە و بەردەوام دەبێت.

زانینی ژمارەی ئەكاونتە داخراوەكان لە ڕێی پرۆگرامی "فایەر هوز" بووە كە بە شێوەیەكی خۆكارانە بە نێو زانیاری ئەكاونتەكان دەگەڕێ و هەر كۆمپانیا و كەسایەتی و ئەكادیمییەك كە زانیارییەكانی تەواو بێ بەجێی دێڵێ و ئەوانەی تر سەرجەمیان دادەخات.

هەفتەی ڕابردوو تویتەر بڵاوی كردەوە، كە لە مانگەكانی ئایار/مایۆ و حوزەیران/یۆنیۆی ئەمساڵ 70 ملیۆن ئەكاونتی تویتەری داخستووە، زۆربوونی ژمارەی ئەكاونتەكانی تویتەر پرس و نیگەرانی زۆری لای زۆربەی بەكارهێنەرانی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە دروست كردووە، زۆر لە خەڵكیش لێی دوور كەوتوونەتەوە و نایانەوێ چیتر بەكاری بهێنن.

تویتەر یەكێكە لە بەربڵاوترین تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لە دنیا لە 21ی ئادار/مارسی 2006 دامەزراوە و خاوەنەكەی جاك دورسییە و بارەگای سەرەكی لە سانفرانسیسكۆی ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمەریكایە، زیاتر لە سێ هەزار و 600 كارمەندی هەیە و بە سەكۆیەكی سیاسییەكان و ئەكادیمی و شارەزایان دادەنرێ و ئەمەیش جیای دەكاتەوە لە تۆڕەكانی تری كۆمەڵایەتی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د