پوتین بۆ ترەمپ: لە باكوری سووریا نموونەی كوردستانی عێراق دروست دەكەین

:: AM:10:40:18/07/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی توركیا بڵاوی كردووەتەوە كە سەرۆكی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین لە دیداری لووتكەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا، دووپاتی لە دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سووریا كردووەتەوە و بۆ ئەمەیش پلانی دامەزراندنی هەرێمێكی هاوشێوەی باكوری عێراق بۆ كوردانی سووریا خستووەتە ڕوو.

ڕۆژنامەی "العربی الجدید" ڕاپۆرتی میدیا توركییەكەی وەرگێڕاوە و تێیدا هاتووە، بەگوێرەی زانیارییەكان لە لووتكەی ترەمپ و پوتین لە هێلنسكی پایتەختی فینلەندا بە وردی دۆسیەی سووریا خراوەتە بەرباس، بەڵام لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی هەردوو سەرۆك وردەكارییەكەی نەخراوەتەڕوو.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، ترەمپ دۆسیەی ڕووسیای لەگەڵ پوتین كردووەتەوە و باسی لە دروستكردنی ناوچەی ئارام لە باكوری سووریا كردووە، هەردوولایش سوور بوون لەسەر ئەوەی دروستكردنی ناوچەی ئارام لە باكوری سووریا بە بێ توركیا سەركەوتوو نابێ.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكە هاتووە، لەمیانەی گفتوگۆكان، پوتین پلانی پسپۆڕێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستووەتەڕوو بە ناوی "ڤیتالی نعومكن" كە بە پڕۆژەی نموونەی باكوری عێراق لە سووریا ناوی نراوە، كە لەو ڕێیەوە ناوچەیەكی هاوشێوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق بۆ كوردەكان دروست دەكرێ، پێشتریش پوتین لە مانگی شوبات/فێبرایەر ئەو بابەتەی لەگەڵ ترەمپ بە تەلەفۆن تاوتوێ كردووە.

هاوكات پوتین بەڵێنی داوە بۆ كەمكردنەوەی پێگەی ئێران لە سووریا و ترەمپیش پێشوازی گەرمی لە دەسپێشخەرییەكەی ڕووسیا بۆ باكوری سووریا كردووە، چونكە كوردەكان هاوپەیمانێكی گرنگی ئەمەریكان لە سووریا و لە ڕووی كولتووری و نەتەوەییشەوە جیاوازن لەگەڵ پێكهاتەكانی تری سووریا.

لەبارەی هەڵوێستی توركیایش ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، سەرچاوە ئەمەریكییەكان دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، كە توركیا سەرەتایش دژی هەر قەوارەیەكی كورد بوو لە باكوری عێراق، بەڵام دواتر پێوەندی ئابووری بەهێز و بازرگانی پتەوی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دانا، بۆیە هیچ شتێك مەحاڵ نییە و ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ لە نێوان توركیا و كوردەكانیش لە باكوری سووریا هەیە.

ڕۆژی 16ی ئەم مانگە ترەمپ و پوتین لە هێلنسكی پایتەختی فینلەندا كۆبوونەوە و تاوتوێی پرسی سووریا و ئێران و چەكی ئەتۆمی و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و چەندان تەوەری تریان كرد، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیش ترەمپ خۆشحاڵی دەربڕی و دووپاتی كردەوە كە پێویستە لە نێوان دوو گەورەترین هێزی دنیا هاوئاهەنگی بەردەوام بوونی هەبێت.



وشە - باز ئه‌حمه‌د