ڤینگەر لە راهێنەرایەتی یانەی ئارسناڵ پەشیمانە

:: AM:10:40:18/07/2018 ‌

ئارسین ڤینگەری راهێنەری فڕەنسی ئاشكرای كرد كە پەشیمانە بۆ ماوەی 22 ساڵ لە كاری راهێنەرایەتی یانەی ئاسناڵ ماوەتەوە كە لە هەموو شتێكی كردە قوربانی لە پێناویدا.

ڤینگەر /68 ساڵ/ كە لە ساڵی 1996وە راهێنەری یانەی ئارسناڵی كردووە، لە كۆتایی وەرزی رابردوو دوای 22 ساڵ و بەدەستهێنانی 3 ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی و 7 جامی یەكەتیی ئینگلیزی ماڵئاوایی یەكجاری لە یانەكە كرد.

ڤینگەر لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ رادیۆی (ئار تی ئێل)ی فڕەنسی رایگەیاند كە بڕیاریداوە لە چەند مانگی داهاتوودا بڕیار لەسەر وێستگەی داهاتووی بدات.

لەبارەی گەورەترین هەڵە لە ژیانیدا، ڤینگەر گوتی: رەنگە گەورەترین هەڵە لە ژیانمدا بەردەوامبوونم لە راهێنەرایەتی یانەی ئارسناڵ بۆ ماوەی 22 ساڵ.

جەختیشی كردەوە كە هەرچەندە ئەو هەمیشە حەز بە شتی نوێ لە ژیانیدا دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حەزی بە ركابەری كردووە و لەبەر ئەمە ئەم ماوە زۆرە لە یانەی ئارسناڵ ماوەتەوە و گیرۆدەی ئەم ركابەرییە بووە.

لە كۆتاییدا ڤینگەر دانی بەوەشدانا كە لە پێناو یانەی ئارسناڵ هەموو ژیانی خۆی و خێزان و كەسە خۆشەویستەكانی فەرامۆش كردبوو و هەروەها دڵی چەندان كەسی تری لەخۆی عادز كردبوو، لە هەموو ئەم كارانەش پەشیمانە و گەورەترین هەڵەی ژیانی بووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م