ئەمەریكا: عێراق ڕێ لە بازرگانیكردن بە مرۆڤ ناگرێ

:: AM:11:09:18/07/2018 ‌
لە ڕاپۆرتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هاتووە، عێراق پابەندی پێوەر و ڕێنوێنی و ڕێكارەكانی ڕێگرتن لە بازرگانیكردن بە مرۆڤ نابێ و ئەمەیش وای كردووە وڵاتەكە ببێتە مەڵبەندێكی گرنگی بازرگانیكردن بە مرۆڤ.

لە ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هاتووە، حكوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەك پابەندی ڕێكار و پێوەرەكانی ڕیشەكێشكردنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ نییە، هەوڵی فرەوان نادرێ بۆ دادگاییكردن و سزادانی ئەو بەرپرسانەی لە بازرگانیكردن بە مرۆڤ تێوەگلاون.

هێما بۆ ئەوەیش كراوە، بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو و ڕاپۆرتەكانی پێشووی وەزارەتی دەرەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی بوونەتە قوربانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و باندە مافیاكان زیاتر بووە، تا ئێستەیش لە پلەی دووەمی چاودێریدایە و بە هیچ شێوەیەك حكوومەت هەنگاوی پێویستی نەگرتووەتەبەر و بە تەواوی كەمتەرخەمە.

عێراق بووەتە مەڵبەندێكی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، بە تایبەت لە بەغدا منداڵان بە سەرباز دەكرێن و بەشێوەیەكی نایاسایی دەنێردرێنە وڵاتانی تری وەك سووریا و بە كوشت دەدرێن، هاوكات كڕین و فرۆشتنی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ بەشێوەیەكی بەربڵاو بوونی هەیە، ئەمەیش لە وڵاتانی دنیاوە بە توندی شەرمەزار دەكرێ و پێچەوانەی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی قەدەغەكردنی بازرگانیكردن بە مرۆڤە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د