گه‌رمیانییه‌كان له‌ كه‌ناڵه‌ سیاسییه‌كان تۆراون و روویان له‌ كه‌ناڵه‌ خێزانییه‌كان كردووه‌

:: AM:11:09:18/07/2018 ‌

شێوازی كاركردنی كه‌ناڵه‌ بینراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ خۆی له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و راپۆرتی دووباره‌ له‌لایه‌ك و مامه‌ڵه‌ی ناپیشه‌یییانه‌ و كاركردنی چه‌واشه‌كارییانه‌ ده‌بینێته‌وه‌، بووه‌ته‌ هۆی تۆرانی بینه‌ر و خه‌ڵك روو ده‌كه‌نه‌ كه‌ناڵه‌ خێزانییه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وانیش به‌شێك له‌ كار و پلانه‌كانیان گواستنه‌وه‌ی كولتووری نامۆی كۆمه‌ڵگه‌كانی تره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

نێرگز عوسمان كه‌ كچه‌ فه‌رمانبه‌رێكه‌ بۆ "وشه‌" ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو، مه‌گه‌ر له‌كاتی میوانی ماڵی خزم و كه‌سێكی نزیكمان چاوم به‌ كه‌ناڵه‌ هه‌واڵییه‌كانی كوردستان بكه‌وێت، ئه‌ویش به‌ڕێكه‌وت، ئه‌گه‌رنا كه‌ناڵه‌ هه‌واڵی و سیاسییه‌كان نابینی له‌ ماڵمان. وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێ "نه‌ك من، زۆرینه‌ی هاوڕێكانم له‌ ته‌ماشاكردنی كه‌ناڵه‌ هه‌واڵییه‌كان دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ جاری وا هه‌بووه‌ 11 جار چه‌ندان هه‌واڵی دووباره‌مان ده‌بینییه‌وه‌ و بابه‌تی نوێ و هه‌واڵی نوێ نابینین، بۆیه‌ له‌ ته‌ماشاكردنی دوور كه‌وتووینه‌ته‌وه‌."

كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ هه‌واڵییه‌كانی كوردستان به‌ به‌رده‌وامی بۆ ماوه‌ی 10 سه‌عات له‌سه‌ر یه‌ك هه‌واڵه‌كانیان ده‌خوێننه‌وه‌ و ته‌نیا بێژه‌ر و زمانه‌كه‌ ده‌گۆڕن له‌ نێوان سۆرانی و كرمانجی. 

هاوشێوه‌ی نێرگز، ئاسۆ ئه‌حمه‌د گه‌نجێكی تری كه‌لار، بۆ "وشه‌" دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و بینه‌ری دراما بیانییه‌كانه‌ و زۆر به‌كه‌می و به‌ڕێكه‌وت چاوی به‌ كه‌ناڵه‌ هه‌واڵییه‌كان ده‌كه‌وێت. ئه‌و نه‌یشارده‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ سۆسیال میدیا ده‌یبینێت، بێ به‌دواداچوونێكی جیاواز، هه‌ر ئه‌وه‌ له‌ كه‌ناڵه‌ بینراوه‌كان ده‌بینێ. بۆیه‌ ده‌پرسێ "بۆچی ته‌ماشای كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان بكه‌م؟".

پشتیوان جه‌مالی رۆژنامه‌وان له‌ گه‌رمیان، بۆ "وشه‌" روونی كرده‌وه‌، میدیا بینراوه‌ بیانییه‌كان سنووری وڵاتان ده‌بڕن بۆ په‌یداكردنی زانیاریی ورد و دروست، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ له‌ كوردستاندا كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان تازه‌ به‌تازه‌ بێ سه‌رچاوه‌ و ئاشكراكردنی سه‌رچاوه‌ی زانیاری وه‌ك مه‌ته‌ڵ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ و بینه‌ری كوردی ده‌خه‌ڵه‌تێنن. 

ئه‌و گوتی، رۆژ به‌رۆژ بینه‌ری كه‌ناڵه‌ خێزانییه‌كان له‌ زیادبووندان و خه‌ڵك له‌ ته‌ماشاكردنی كه‌ناڵه‌ هه‌واڵییه‌كان دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و راگه‌یاندكاره‌، نیگه‌رانی خۆیشی ده‌ربڕی له‌ دروستكردنی پاڵه‌وان و هێنانی كه‌سانی نه‌زان له‌ رووی زمانه‌وانی و رۆشنبیری گشتی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر و كوشتنی كات به‌و جۆره‌ كه‌سانه‌وه‌.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هونه‌رمه‌ندی شانۆكاری دێرینی گه‌رمیان بۆ "وشه‌" به‌ پێویستی ده‌زانێت هاووڵاتییان بپرسن بۆچی كه‌ناڵه‌ بینراوه‌كانی كوردستان، به‌ پشتگۆێخستنی بواری هونه‌ر رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ نه‌مانی درامای كوردی و هۆكاره‌كه‌ش ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ میدیاكان له‌ كوردستان خه‌ریكی كاری سیاسین نه‌ك خزمه‌ت له‌ بواره‌ جیاوازه‌كان.

ئه‌و شانۆكاره‌، به‌ گرنگی زانی دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ ته‌ماشاكردنی كه‌ناڵه‌ هه‌واڵییه‌كان ببێت به‌ هۆكارێك كه‌ رۆژنامه‌نووس و به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسانی میدیا بینراوه‌كانی كوردستان له‌ خه‌وی قووڵی ئه‌و شێوه‌ كاركردنه‌ سه‌قه‌ته‌، به‌ ئاگا بێنه‌وه‌.

پێویسته‌ بگوترێت خێزانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ناچار نه‌بن سه‌یری كه‌ناڵی سیاسی بكه‌ن، هه‌وڵی كڕینی ته‌له‌ڤزیۆنی دووه‌م و سێیه‌م ده‌ده‌ن. جه‌لال ئه‌حمه‌د كه‌ كه‌لوپه‌لی كاره‌بایی ده‌فرۆشێت بۆ "وشه‌" له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی، ئێسته‌ ته‌له‌ڤزیۆن بازاڕی گه‌رمه‌ و ته‌نانه‌ت وای لێ هاتووه‌ بووك و زاواكانیش له‌ یه‌كه‌م رۆژدا كه‌ شمه‌ك هه‌ڵده‌گرن ده‌یانه‌وێت دوو ته‌له‌ڤزیۆنیش بكڕن، ئه‌وه‌ش هێمایه‌ بۆ دابه‌شبوونی خه‌ڵك به‌سه‌ر كه‌ناڵی سیاسی و خێزانی. 

گۆران محه‌مه‌د یه‌كێكی تر له‌ فرۆشیارانی كه‌لوپه‌لی كاره‌بایی هه‌مان زانیارییه‌كانی دووكانداره‌كه‌ی پێشووی پشتڕاست كرده‌وه‌.
كارزان فوئاد توێژه‌ری ده‌روونی و جێگری پێشتری به‌رپرسی كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسانی كوردستان لقی گه‌رمیان، له‌باره‌ی پرسی ئه‌و راپۆرته‌وه‌ بۆ "وشه‌" باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ستیار و گرنگه‌ چونكه‌ به‌هۆكاری شێوازی كاركردنی كه‌ناڵه‌ هه‌واڵییه‌كانی كوردستان، خه‌ڵكی روویان كردووه‌ته‌ بینینی دراما بیانی و كولتوورییه‌كانی وڵاتانی تر. دووپاتی كرده‌وه‌ "ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری جیاوازی بۆ سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگه‌ دروست كردووه‌".

به‌ گوته‌ی ئه‌و توێژه‌ره‌، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ كه‌ناڵه‌ سیاسی و هه‌واڵییه‌كان، بۆ درۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و كه‌ناڵ هه‌یه‌ خۆی به‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌ناسێنێت كه‌چی به‌ ئاشكرا پاڵپشتی له‌ لایه‌نێكی سیاسی ده‌كات و درۆ ده‌رخواردی خه‌ڵك ده‌دات، خه‌ڵكیش ئیتر زۆر له‌وه‌ هۆشیارترن ئه‌وان بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ له‌م كه‌ناڵانه‌ تۆراون.

وشه‌/ سه‌بری هۆرێنی 


وشە - تایبه‌ت