بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادرن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، چەند حزبێك كاندیدیان پێشكەش كردووە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی تەمووز/ یۆلیۆ، ژیار دزەیی بەرپرسی تۆماری قەوارە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە چەند حزبێك كاندیدیان پێشكەشی كۆمسیۆن كردووە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان.
بەرپرسی تۆمار لە كۆمسیۆن گوتی، پێشكەشكردنی ناوی كاندیدان بۆ قەوارە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوول تا 25ـی ئەم مانگەیە و وادەكەی كۆتایی دێت.
دزەیی ئاماژەی دا، درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی قەوارەكان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی كۆمسیارانە، بۆیە چاوەڕوانی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدانی ترین لەلایەن حزبەكانەوە.
تۆماری ناوی كاندیدان لە حەوتی تەمووز دەستی پێ كردووە بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی ژمارە هەشتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، لە 25ـی تەمووز كۆتایی دێت.
ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.