حزبەكانی ڕۆژهەڵات: ئێران بكوژی ئیقبال مورادییە

:: PM:12:02:18/07/2018 ‌
بەرپرسان و فەرماندەكانی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرایان كرد، سیاسییەكانی ڕۆژهەڵات و چالاكان لەلایەن ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكرێنە ئامانج و ئێمە تەنیا ئێران بە بكوژی سیاسییەكانمان دەزانین.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی تەمووز/ یۆلیۆ، كاوە بەهرامی فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی سەر بە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تیرۆركردنی سیاسییان و چالاكانی دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران، تەنیا كۆماری ئیسلامی ئێران لێی بەرپرسە و ئەوان بە بكەری ئەو كردانە دەزانین.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات گوتی، لەماوەی ڕابردوودا چەند كەسێكمان كراونەتە ئامانج و ئێرانیش لە پشت تیرۆركردنیان بووە، بۆیە بەردەوام سیاسیانی ڕۆژهەڵات، مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

بەپێی ئامارێكی نافەرمی وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو تا ئێستە، پێنج كادر و ئەندامی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان  لە هەرێمی كوردستان تیرۆر كراون، زۆرینەیشیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕینبوون.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم ئیقبال مورادی چالاكی سیاسیی و ئەندامی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانە و خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، بەهۆی فشارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ماوەی چەند ساڵێكە نیشتەجێی شارۆكەی پێنجوێنە تەرمەكەی دۆزرایەوە.



وشە - رامیار جەواد