بێئاوی بەریتانیاشی گرتەوە

:: PM:12:16:18/07/2018 ‌

درێژەكێشانی وەرزی گەرما لە بەریتانیا و كەمبوونەوەی بڕی باران لەم وڵاتە، كۆمپانیای پێوەندیدار بەو خزمەتگوزارییەی ناچار كرد بۆ رێگریكردنی تەنگژەی بێئاوی رێوشوێنی نوێ وەربگرێت.

كۆمپانیای یۆنایتد یۆتلتی كە یەكێكە لە كۆمپانیا سەرەكییەكانی دابینكردنی ئاو لە بەریتانیا ئاشكرای كرد، بۆ ئەوەی خەڵك تووشی بێئاوی نەبن، هەندێك رێسایان داڕشتووە و نزیكەی حەوت ملیۆن هاوبەشی ئاو لە باكوری رۆژئاوای وڵات رێسا و رێنوێنییەكانیان لەسەر جێبەجێ دەكرێت. 

بەگوێرەی BBC جێبەجێكردنی رێنوێنییەكان لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەست پێ دەكات و یەكێك لە گرنگترین ئەو رێنوێنییانەش بریتییە لە قەدەغەكردنی بەكارهێنانی سۆندەی ئاو بەمەبەستی ئاوداشتن.

گەرمای زۆر لە بەریتانیا هۆكار بووە لەوەی ئاوی ژێر زەوی لەم وڵاتە دابەزێت و پێشبینی دەكرێ پلەكانی گەرمی زیاتر بەرز ببنەوە، بۆیە پێش ئەم وادەیە كۆمپانیاكە ویستوویەتی رێگری لەوە بكات كاریگەری خراپ لەسەر گەیاندنی خزمەتگوزاری ئاوی خواردنەوە بێتە كایەوە.

دامەزراوە زانستییەكانی بەریتانیا رەخنەیان لە كۆمپانیاكە گرتووە و دەڵێن تۆڕی دابەشكردنی ئاو لە بەریتانیا كۆنە و سەرووی 20%ی ئەو ئاوەی بەرهەم دەهێنرێت بە فیڕۆ دەچێت، داوایان لە كۆمپانیاكە كردووە لە جیاتی ئەم رێوشوێنە نوێیە هەوڵی نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاو بدات، هیچ كێشەیەك نایەتە كایەوە، بەڵام چونكە نۆژەنكردنەوەی تۆڕەكە خەرجییەكی زۆر هەڵدەگرێت، كۆمپانیاكە خۆی لە قەرەی نادات.

لەو ناوچانەی ئاماژەیان پێ كراوە، شووشتنی ئۆتۆمبێل لە ماڵەوە بە سۆندە قەدەغەیە و تەنانەت هاووڵاتییان بۆیان نییە باخچەكانیشیان بە سۆندە ئاو بدەن.

گۆڕانی كەشوهەوا كاریگەری زۆری لەسەر گۆی زەوی دروست كردووە و ساڵ دوای ساڵ پلەی گەرما بەرزترین دەبێتەوە و ئەمەیش لە هاوین وا دەكات، خەڵكی پێویستی زۆریان بە ئاو بێ، ئەو هەنگاوانەی بەریتانیا لە كاتێكدایە لە باشووری عێراقیش دوو هەفتەیە، بەهۆی نەبوونی ئاو و كارەبا خۆپێشاندان و ناڕەزایی بەردەوامیان هەیە.



وشە - سلێمان تاشان