ژمارەی دانیشتووانی كەمینە ئاینییەكانی ئێران ساڵ بەساڵ روو لە كەمی دەكات، دابەزین لە پێكهاتەی كەمینەكان لە ئێران رێك لە دوای دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی پێ كردووە، دەگوترێت لە 40 ساڵی رابردوودا ژمارەی پێكهاتەكانی زەردەشتی، كریستیان و جوو لە ئێران بۆ یەك لە سەر سێ كەمی كردووە.
كوروش نیكنام یەكێك لە پێڕەوانی ئاینی زەردەشتی و نوێنەری پێشووی ئەو پێكهاتەیە لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، بێكاری، بێبەشبوون لە دامەزراندن، نەبوونی ئازادی، هەڵاواردنی یاسایی هۆكار بوون لەوەی ژمارەی زەردەشتییەكان لە ئێران لە جیاتی بەرزبوونەوە روو لە دابەزین بكات.
ئەمە لە كاتێكدایە لە ئێران هەریەك لە پێكهاتەی جوو و كریستیان و زەردەشتی ناویان لە دەستووردا هاتووە و بەگوێرەی یاسا سەربەست كراون لەوەی رێوڕەسمی ئاینی خۆیان بەجێ بگەیەنن.
هیچ ئامارێكی فەرمی لەسەر ژمارەی زەردەشتی، كریستیان و پێكهاتە ئاینییەكانی تر لە ئێران نییە و بەگوتەی ئەو نوێنەرەی پێشووی پەرلەمانی ئێران، ژمارەی دانیشتووانی زەردەشتی ئێران لە ساڵی 1979 بریتی بوو لە 60 هەزار كەس، بەڵام ئێستە بۆ 20 هەزار كەس دابەزیوە.
هاوكات هاروون یەشایایی دەرهێنەری سینەما و سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی جووەكانی تاران، باسی لەوە كرد كە 45 ساڵ لەمەوبەر ژمارەی جووەكان لە ئێران 60 هەزار كەس بوون، بەڵام ئێستە ژمارەكەیان خوارەووی 20 هەزار كەسە.
بەگوێرەی
BBC جگە لە زەردەشتییەكان و جووەكان تەنانەت ژمارەی كریستیانەكانیش لە ئێران دابەزیوە و بە گوتەی رۆبێرت بەگلەریان، نوێنەری پێشووی ئەرمەنییەكان لە پەرلەمانی ئێران پێش شۆڕش، ژمارەی كریستیانەكانی ئێران سەرووی 250 هەزار كەس بوون، بەڵام ئێستە ژمارەیان لە نێوان 50 تا 60 هەزار كەسدایە.
ژمارەی ئەرمەنییەكانی ئێران بەگوێرەی وێبلاگی رۆبێرت سەفاریان رەخنەگری سینەما بۆ یەك لەسەر پێنج دابەزیوە و ئەوەی لە ئێرانیش ماون خەریكە ئامادەكاری دەكەن و لە هەوڵدان هەر چی زووە ئەو وڵاتە جێ بهێڵن. ئەوان دەڵێن مرۆڤ جارێك لە دایك دەبێت و جارێكیش دەژیت و هێندە ناهێنێت تا كۆتایی ژیانیان هەر لە ژێر چەپۆكی ستەم و زۆریدا بمێننەوە و بیرێك لە چارەنووس و داهاتووی ژیانی خۆیان نەكەنەوە.
گرنگترین هۆكاری كۆچكردنی ئەو پێكهاتانە لە ئێران ئەوەیە وەك هاووڵاتیی پلە دووش سەیر ناكرێن، ئەوان لە دامەزراندن و كار و زۆربەی كایە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان رووبەڕووی كێشە دەبنەوە. جگەلەمانە كۆمەڵیك هۆكاری تر هەن كە رۆڵیان هەیە لە دەرپەڕاندنی ئەو پێكهاتانە لە ئێران. ئەگەر هاووڵاتییە پلەیەكەكانی ئێران بۆ نموونە فارسە شیعەكانی تاران هەست بە بێزاری و بێكاری و ژیانێكی تاڵ بكەن، ئەوا هەستەكە بۆ پێكهاتەكانی تر چەندان هێندەیە و ئەگەر فارسێكی شیعە بیر لە جێهێشتنی ئێران بكاتەوە، ئەوا پێكهاتەی تر زۆر لەمە زیاتر حەز دەكەن ئێران جێ بهێڵن و بەدوای ژیانێكی خۆشتر بكەون.
هەر ئەو پێكهاتانە جگە لەوەی كە ناچارن ببنە سەرباز و دوو ساڵ خزمەت بكەن، بەڵام بۆیان نییە لە دامەزراوە سەربازییەكانی ئێران هیچ پلەیەكیان هەبێت و تەنانەت ناتوانن داوای دامەزراندنیش بكەن و لە دامەزراوەكانی تریش دامەزراندنی ئەو پێكهاتانە زۆر ئەستەمە.
نوێنەرەكەی زەردەشتیان روونی دەكاتەوە لە لایەك یاسا ئازادی كردوون رێوڕەسمی ئاینییان جێبەجێ بكەن، بەڵام لە لایەكی تر ئازادییەكانیان لێ ستێنراوەتەوە. بۆ نموونە دەبێت هاوشێوەی مسوڵمانەكان ئەوانیش باڵاپۆش بن، لە مانگی موحەڕەم شایی نەكەن و لە مانگی رەمەزان لە دەرەوە هیج نەخۆن و تەنانەت هەندێك جۆر كاسبیشیان بوەستێنن.
لە ئێران یاسایەكی تر هەیە ئەگەر كەسێك كەسێكی تر بكوژێت و هەر دوو بكوژ و كوژراو مسوڵمان بن، ئەوا سزاكەی لە سێدارەدانە و دەبێت بنەماڵەی قوربانی تۆڵەی خۆیان بكەنەوە و حكوومەت بكوژەكە لە سێدارە بدات، بەڵام ئەمە لە حاڵەتێكدا كە كوژراوەكە مسوڵمان نەبێت و بكوژەكە مسوڵمان بێت ئەم یاسایە كاریگەری نییە و بنەماڵەی قوربانی تەنیا بە پارە یان شتی تر قەرەبوو دەكرێتەوە.
ئیسرائیل یەكێك لەو وڵاتانە بووە كە هانی جووەكانی ئێرانی داوە ئەو وڵاتە بەرەو ئیسرائیل جێ بهێڵن و سەرەڕای ئەمە هێشتا نزیكەی 20 هەزار جوو لە ئێران ماون، بەڵام رۆژ بە رۆژ لە ژمارەیان كەم دەكات.
ئەگەر لە ماوەی 40 ساڵی رابردوو ژمارەی پێكهاتەی كەمینە ئاینییەكانی ئێران بۆ یەك لە سەر سێ كەمیان كردبێت، ئەوا كەمبوونەوەكەش هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێشبینی دەكرێ لە داهاتوودا شتێك بە ناوی كەمینەی ئاینی لە ئێران نەمێنێت.