دوای هاتنی كۆرتوا.. چارەنووسی ناڤاس لە ریال مەدرید چی بەسەر دێت؟

:: PM:12:35:18/07/2018 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی چارەنووسی كایلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی كۆستاریكی دوای هاتنی تیبۆ كۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیكی لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرا كرد.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ) بڵاوی كردەوە كە یانەی ریال مەدرید دوای راگەیاندنی گرێبەست لەگەڵ كۆرتوا، رێگە لە رۆیشتنی ناڤاس ناگرێ ئەگەر بیەوێ ریزی یانەكەیان جێبێڵێ.

بەگوێرەی سەرچاوەكە یانەی ریال مەدرید تاڕادەیەكی زۆر لە راگەیاندنی گرێبەست لەگەڵ كۆرتوا نزیك بووەتەوە ئەمە دوای ئەوەی لەگەڵ هاوشانەكەی یانەی چێڵسی ئینگلیزی لەسەر ئەم گۆڵپارێزە گەیشتە رێككەوتن.

بە هاتنی كۆرتوا یانەی شاهانە رێگری لە رۆیشتنی ناڤاس ناكات ئەگەر خۆی ئارەزووی رۆیشتن بكات یاخود یانەیەكی تر دەستەوارەیەكیان پێشكەش بكات.

بەگوێرەی زانیارییەكان یانەی ریال مەدرید لەگەڵ یانەی چێڵسی رێككەوتووە بە 35 ملیۆن یۆرۆ كۆرتوا بكڕێ، بەڵام یانە ئینگلیزییەكە چاوەڕێی دۆزینەوەی جێگرەوەیەك دەكات تا بەفەرمی رۆیشتنی ئەم گۆڵپارێزە رابگەیەنێ.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید دوای مۆندیالی 2014ی بەڕازیل بەفەرمی ناڤاسی لە یانەی لیڤانتی هێنایە ریزی یانەكەیەوە بە بەهای 10 ملیۆن یۆرۆ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م