كچانی كورد لە بەردەم نووسینگەی رووحانی خۆپێشاندانیان ساز كرد

:: PM:01:55:18/07/2018 ‌

كچانی شیناوێ، دەچنە بەردەم نووسینگەی سەرۆك كۆماری ئێران و داوای چارەسەركردنیان دەكەن و دەڵێن هیچ كام لەو بەڵێنانەی پێیان درابوو بەدی نەهاتوون.

ژمارەی ئەو كچانە 12 كەسن كە شەش ساڵ لەمەوبەر بەهۆی گڕگرتنی سۆبایەكی نەوت لە ناو پۆلی خوێندندا بە رێژەی جیاواز لەشیان سووتا. ئەوان خەڵكی گوندی شیناوێن لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی كوردستان.

هەر بە هۆی رووداوەكە ئەوكات دوو قوتابی گیانیان لە دەست دا و بەگشتی 27  كەس بریندار بوون.

دوای رووداوەكە بەڵێن بە دایك و باوكانی ئەو قوتابییانە درا كە هەموو چارەسەرییەكیان بۆ دەكەن، بەڵام وەك قوتابییەكان لە گردبوونەوەی ئەمڕۆیاندا ئاماژەیان پێ كردووە، تەنانەت دەرمانیشیان بۆ دابین ناكرێت.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" حوسێن ئەحمەدی نیاز پارێزەری ئەو كچانەیە و بە میدیاكانی گوتووە تا بەدیهێنانی مافەكانی ئەو قوتابییانە ناوەستن. ئەو دەڵێت یەك هەفتەیە لە تارانن تەنیا بۆ ئەوەی چاویان بە وەزیری پەروەردە و وەزیری تەندروستی بكەوێت، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، بۆیە ئەمڕۆ هاتوونەتە بەردەم نووسینگەی سەرۆك كۆماری ئێران.

وەزیری تەندروستی ئێران بەڵێنی بەو قوتابییانە دابوو تا لە دەرەوەی وڵات چارەسەر بكرێن، بەڵام هیچ كام لەم قوتابییانە بەمەبەستی چارەسەری رەوانەی دەرەوە نەكراون.

ئەو كچانە دەبێت ناوەناوە بەمەبەستی چارەسەری بچنە تاران كە خەرجییەكی زۆری بۆیان هەیە و حكوومەت نەیتوانیوە قەرەبووی ئەو زیانەیان بكاتەوە.





وشە - سلێمان تاشان