پۆلیسی سلێمانی ناچار دەكرێن كڕنووش بۆ شاناز برایم ئەحمەد ببەن

ئەمڕۆ چوارشەم شاناز برایم ئەحمەد سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی كرد و پۆلیسەكان بە سڵاوی سەربازییەوە پێشوازیان لێ كردووە، ئەمەیش لە كاتێكدایە شاناز یەكێكە لەو كەسانەی هیچ كات پێشمەرگایەتی و سەربازی نەكردووە، بەڵام بە عەمید خانەنشین كراوە.

لە ڕاگەیەنراوێكی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هاتووە، ئەمڕۆ شاناز برایم ئەحمەد سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كرد و عەمید  ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری پۆلیس پێشوازی لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی ڕێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد.

سەردانەكەی شاناز بەمەبەستی پیرۆزبایی لە عەمید ئاسۆ شێخ تەها بوو كە پلەی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی وەرگرتووە و ماوەی چەند ڕۆژێكە دەستبەكار بووە.

سەردانیكردنی هەر هاووڵاتییەك بۆ فەرمانگەكانی حكوومەت شتێكی ئاسایییە، بەڵام ئەوەی بووەتە جێی سەرنج ئەنجامدانی سڵاوی سەربازییە بۆ شانازی خوشكی هێرۆ برایم ئەحمەد لەلایەن پۆلیسەوە كە ئەو ژنە هیچ پلەیەكی سەربازی و حكوومی نییەو پۆلیسیش ڕوونی نەكردووەتەوە بۆچی بە ڕێوڕەسمی سەربازی پێشوازییان لێ كردووە.

شاناز برایم ئەحمەد یەكێكە لەو كەسانەی ناوی لە لیستی 404 دایە، كە سەرجەمیان بە شێوەیەكی نایاسایی و بە گەندەڵی لەلایەن یەكێتییەوە بە پلەی باڵا خانەنشین كراون، شاناز پلەی عەمیدی خانەنشینی هەیە، لە كاتێكدا یەك ڕۆژیش سەربازی و پێشمەرگایەتی نەكردووە.

لە ئەتەكێتی سەربازی و عورفی سەرجەم وڵاتان، سڵاوی سەربازی بۆ كەسانی سەربازی و پلەداری باڵاترە لە سەرباز و پۆلیس و هێزە تەناهییەكان، بەڵام لە سلێمانی، یەكێتی پۆلیسەكانی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی سڵاوی سەربازی بۆ بەرپرسێكی حزبی بكەن.

بەرپرسێكی پۆلیسی سلێمانی كە "وشە"ی لەو بابەتە ئاگادار كردەوە و گوتی، یەكێتی بەردەوام لە میدیا بانگەشەی بە نیشتمانیكردنی هێزەكان دەكات، كەچی پۆلیسەكان ناچار دەكات، سڵاو و ڕێوڕەسمی سەربازی بۆ كەسێك بكەن، كە هیچ پێگە و پۆستێكی سەربازی نییە.

زیاتر گوتی، ئەمە شەرمەزارییە بۆ هێزەكانی ناوخۆ و دەبێ لە ئاست ئەو كارە بێدەنگی نەكرێ، جێی سەرسڕمانە و چۆن دەبێ هەر كەسێك بێتە فەرمانگەیەك و پلەیەكی حزبی هەبێ، پۆلیس كڕنووشی بۆ ببات و سڵاوی سەرباز بۆ بكات.

بەگوێرەی زانیارییەكان هەوڵێك لە سلێمانی هەیە بۆ بچووككردنەوەی هێزەكانی ناوخۆ و پۆلیس و سوكایەتی پێ كردنیان، لە ماوەی ڕابردوویش هێزێكی پۆلیس لەلایەن دژە تیرۆری یەكێتی لە شەقامێكی سەرەكی شاری سلێمانی، چەككران و سوكایەتییان پێ كرا.



وشە - رامیار جەواد


PM:02:46:18/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 13893 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌