نێچیرڤان بارزانی: ناكۆكییە سیاسییەكان پرۆسەی چاكسازیان وەستاندووە
نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای هەموو سەختییەكان هەمیشە ئیرادەی هەبووە، بۆ چاكسازی و پیشانی داوە لە جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی لە هەموو بوارەكاندا بەردەوامە.
ئەمڕۆ چوارشەم 18ی تەمووز/ یۆلیۆ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەمیانەی كردنەوەی سەنتەری مەشق و پەرەپێدانی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سوپاسی حكوومەتی ژاپۆنی كرد كە لە چوارچێوەی بەرنامەی قەرزەكانیاندا بۆ عێراق، لە بەشی هەرێمی كوردستان ئەم پڕۆژەیەیان بۆ دامەزراندنی سەنتەری مەشق و پەرەپێدان بۆ وەزارەتی كارەبا و پرۆژەی بونیادنانەوەی كەرتی كارەبا لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كردووە.
نێچیرڤان بارزانی گوتی، جاری یەكەم نییە حكوومەتی ژاپۆن و ئاژانسی جایكا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكەن. ئەوان پێشتریش چەندان پڕۆژەی تریان لە بوارە جیاجیاكاندا لە هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە.
سەرۆك وەزیرانی كوردستان گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای هەموو سەختییەكان هەمیشە ئیرادەی هەبووە بۆ چاكسازی و پیشانی داوە لە جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی لە هەموو بوارەكاندا بەردەوامە و بەردەوام دەبێت، كردنەوەی ئەو سەنتەرەیش بۆ مەشق و پەرەپێدانی توانای مرۆیی و پیشەیی و زانستی بۆ كادران و كارمەندانی وەزارەتی كارەبا بەشێكە لەو چاكسازییانە.
" ئەو دۆخەی زیاتر لە چوار ساڵی رابردوو بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپێنرا، لە بڕینی بودجە تا شەڕی داعش و هاتنی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر بۆ هەرێمی كوردستان و دابەزینی نرخی نەوت، وێڕای كێشە سیاسییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، هەموویان بوونە رێگر لە بەردەم بەشێكی زۆری ئەو بەرنامانەی بۆ پەرەپێدانی هەموو بوارەكانی خزمەتگوزاری دانرابوون، لەگەڵ ئەوەیشدا خواستی حكوومەت و خەڵك بۆ پێشكەوتن و ژیانێكی باشتر وەك خۆی مایەوە". نێچیرڤان بارزانی وا دەڵێ.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، ناكۆكییە سیاسییەكان هەمیشە بوونەتە هۆی ئەوەی پرۆسەی چاكسازی و ئەو هەوڵە بەردەوامانەی حكوومەت بۆ چاكسازی رووبەڕووی تانە و لێدوان و قسە سیاسییانەی دوور لە راستی ببنەوە و ركابەری و ناكۆییە سیاسییەكان هەمیشە هەوڵی شێواندنی بەرنامەی چاكسازی حكوومەتیان داوە، بەڵام حكوومەت هەرگیز گوێی نەداوەتە ئەو شەڕە سیاسی و میدیاییەی بەرانبەری دەكرێت.
باسی لەوەیش كرد كە دوای ئاڵۆزی و رووداوەكانی كۆتایی ساڵی رابردوو، هەوڵێكی زۆر درا هەرێمی كوردستان گۆشەگیر بكرێت، بەڵام هەرێمی كورستان بە خۆڕاگری خەڵك و بە هەوڵی بەردەوامی حكوومەت رووبەڕووی هەموو سەختی و مەترسییەكان بووەوە، رۆژە سەختەكان خەریكە تێدەپەڕن و ئاسۆیەكی روونتر و ئایندەیەكی گەشتر لە پێش هەرێمی كوردستانە.
نێچیرڤان بارزانی داوای لە لەلایەنە سیاسییەكان كرد دووبارە تەبا و یەكڕیز بن بە بەرنامەیەكی هاوبەشی كوردستانییانەوە بەشداری گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق بكەن، چونكە ئامانجی سەرەكیمان بەدیهێنانی شەراكەتێكی راستەقینەیە لە عێراق و دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم