پەرلەمان یاسای بەكرێدانی خانووی دەرچوواند

:: PM:03:04:18/07/2018 ‌
جێگری سەرۆكی پەرلەمان واژووی لەسەر یاسای بەكرێدانی خانووبەرە كرد و یاساكە لە ئەمڕۆوە بەركار دەبێت كە دەبێتە هێنانەدیی دادپەروەری و بەرقەراركردنی هاوسەنگی لە نێوان مافی خاوەن موڵك و كرێچیدا.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی تەمووز/ یۆلیۆ، بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هاتووە، بەپێی حوكمەكانی مادەی یەكەمی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2017ی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەم 18/7/2018 سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان هەمواری سێیەمی پیادەكردنی یاسای بەكرێدانی خانووبەرەی دەرچوواند.

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بەواژووی جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، هەمواری سێیەمی پیادەكردنی یاسای بەكرێدانی خانووبەرە، ژمارە (87)ی ساڵی 1979ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان دەرچوواند.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە ئاشكرا كراوە، پیادەكردنی یاسای بەكرێدانی خانووبەرە لە دانیشتنی ژمارە (7)ی ئاسایی رۆژی 15/7/2018، دوای ئەنجامدانی رێككارە یاسایییەكانی و گفتوگۆكردنی لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە و دەنگدان لەسەری پەسند كرا.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكە ئاماژە دراوە مەبەست لە هەمواركردنەوەشی هێنانەدیی دادپەروەری و بەرقەراركردنی هاوسەنگییە لە نێوان مافی خاوەن موڵك و كرێچیدا.

یاسای بەكرێدانی خانووبەر ماف بە كرێچی دەدات، ئەگەر هاتوو كرێكەی لە ئاست ئەو موڵكەی بەكرێی گرتووە بەرز بێت، ئەوا سكاڵا تۆمار بكات و دادگا بڕی كرێ‌ بۆ خاوەن ماڵەكە دیاری دەكات.



وشە - رامیار جەواد