گفتوگۆی ستراتجیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوام دەبێ
گفتوگۆكانی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان لەبارەی ستراتیجی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوامە و ئەمڕۆیش گفتوگۆ لەسەر سێكتەری تەناهیی و ڕۆڵی ئەوان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كرا.
ستراتیجی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەلایەن دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستانەوە ئامادە كراوە، ستراتیجەكە تایبەتە بە پێنج ساڵ و ڕۆڵی دامەزراوەكانی كوردستان بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دیاری دەكات.
لەناو ستراتیجەكەدا هەشت سێكتەر دیاری كراون كە ڕۆڵی زۆریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەیە و تا ئێستە گفتوگۆ لەسەر سێ لەو سێكتەرانە كراوە كە میدیا و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان و دەزگا تەناهییەكانە.
ئەمڕۆ چوارشەم 18ی تەمووز/ یۆلیۆ، دارەوان نوورەدین بەرپرسی بەشی پێوەندی لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، گفتوگۆكانی ستراتیجی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوام دەبێت و هەوڵ دەدرێت گفتوگۆ لەسەر ئەو هەشت سێكتەرە بكرێت كە دیاری كراوە.
ڕوونی كردەوە كە پێویستە دوای بەركاربوونی ستراتیجەكە هەموو ئەو سێكتەرانە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هاوئاهەنگ بن لەگەڵ دەستەی دەسپاكی.
یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان ستراتیجێكی پێنج ساڵی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دادەنرێت، لە عێراق تا ئێستە سێ جار ستراتیجی لەو جۆرە دانراوە، بەڵام هیچیان لێ جێبەجێ نەكردووە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم