لەسەر هەمواری یاسای چاكسازی..پەرلەمان و حكوومەت بەگژ یەكدا دەچن
پەرلەمان مووچەی خانەنشینی مەدەنی زیاد دەكات و بڕینی دەرماڵەش دەسڕێتەوە، حكوومەتیش بەوە رازی نییە. پێنج مانگە هەردوولا لە ململانێدان كە بەهۆیەوە هەمواری یاسای چاكسازی و خانەنشینی كە بۆ كەمكردنەوەی خانەنشینی پلەباڵاكان گەڕێنرایەوە پەرلەمان، پەكی كەوتووە.
لە كاتێكدا بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵك لەسەر خانەنشینی پلەباڵاكان كە پەرلەمانتارانیش بەشێكن لەوان، یاسای چاكسازی و خانەنشینی گەڕێنرایەوە بۆ پەرلەمان، بەڵام بەهۆی دەستكاریكردن و لابردنی بڕگەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران و زیادكردنی مووچەی خانەنشینی ئاسایی كە لە 400 هەزار دینار كەمتر نەبێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە نییە لێكەوتە دارایییەكانی زیادكردنی مووچەی خانەنشینان و هێشتنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران بگرێتە خۆی، پەرلەمانتارانیش ئامادە نین هەمواری یاساكە تەنیا خانەنشینی پلەباڵاكان بگرێتەوە كە خۆیان بەشێكن لەوان.
بەگوێرەی بەدواداچوونێكی "وشە" هەردوو لیژنەی دارایی و یاسایی راپۆرتی خۆیان لەسەر هەموارەكە داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بۆ ئەنجوومەنی وەزیران رەوانەی كردووە، بەهۆی ئەوەی سروشتی یاساكە لێكەوتەی دارایی دەخاتە سەر حكوومەت، پێویست دەكات حكوومەت ئاگاداری وردەكارییەكەی ببێت تا بزانێت لە توانای هەیە پارەی بۆ تەرخان بكات یان نا.
سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، راپۆرتەكان رەوانەی حكوومەت كراوە، بەڵام هێشتا حكوومەت وەڵامی سەرۆكایەتی پەرلەمانی نەداوەتەوە كە بیخاتە كارنامەی دانیشتنەكانی و ئامادەی دانیشتنەكە دەبن یان نا، تەنانەت رەتیشی نەكردووەتەوە و بێدەنگی هەڵبژاردووە.
لەبارەی بۆچوونی حكوومەت لەسەر راپۆرتی لیژنە پێوەندارەكانی پەرلەمان كە كەمترین مووچەی خانەنشینیان كردووەتەوە 400 هەزار و بڕگەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانیشیان لە یاساكە سڕیوەتەوە، "وشە" پێوەندی كرد بە ئامانج رەحیم سكرتێری یاسایی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام بە بیانووی ئەوەی لە كۆبوونەوەیە وەڵامی نەدایەوە. هاوكات "وشە" پێوەندی بە چەندان راوێژكاری سەرۆكی حكوومەت و گوتەبێژی حكوومەت كرد، بەڵام ژمارەكانیان بەردەست نەبوون.
بەهار مەحموود جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی دەڵێ، ئەندامانی هەردوو لیژنەی دارایی و یاسایی هێشتا كۆدەنگ نین لەسەر چۆنیەتیی هەمواركردنی بڕگەی سێیەمی یاساكە كە پێوەندارە بە مووچەی خانەنشینی پلە باڵاكان، جگە لەمە پرسی دەرماڵەی فەرمانبەران و زیادكردنی مووچەی خانەنشینی مەدەنی.
ئاماژەی دا كە فراكسیۆنی گۆڕان لەگەڵ ئەوەدایە یاسای خانەنشینی بەغدا لە كوردستانیش جێبەجێ بكرێت، بەڵام رای جیاوازتریش هەیە، گوتی "ئەوەی راستی كێشە گەورەكە ئەوە نییە، بەڵكو لابردنی سڕینەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانە كە حكوومەت لە یاساكەدا بەناوی بڕینی دەرماڵەی نایاسایی جێی كردووەتەوە، بۆیە ترسمان هەیە بەو ناوەوە هەرچی دەرماڵەی فەرمانبەران هەیە بیبڕێت، ئەوكاتە پاشەكەوتی مووچە لە نایاسایییەوە دەبێتە یاسایی".
زیاتر گوتی "بەهۆی باشتربوونی دۆخی دارایی حكوومەت بڕگەی ئەوەمان زیاد كرد كە نابێت هیچ خانەنشینێكی مەدەنی لە 400 هەزار كەمتر وەربگرێت، لەگەڵ بڕگەیەكی تر كە هەر كاتێك ئەو یاسایە دەنگی لەسەر درا دەبێت حكوومەت سیستەمی پاشەكەوتی مووچە هەڵبگرێت، حكوومەت بەمەی زانیوە و پێی رازی نییە، بەڵكو دەیەوێت تەنیا كەمكردنەوەی خانەنشینی پلەباڵاكان دەستكاری بكرێت".
بەهار كە ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕانە، بەناوی فراكسیۆنەكەی رەتی كردەوە كە لابردنی بڕینی دەرماڵە و زیادكردنی خانەنشینی پلەكانی خوارەوەیان كردبێتە بیانوو، گوتی "وەك فراكسیۆن ئامادەین واژووی بكەین بۆ نەهێشتنی مووچەی پلەباڵا بە پەرلەمانتارانیشەوە، نازانم لای فراكسیۆنەكانی تر چۆنە".
یاسای چاكسازی و خانەنشینی كە شەوی 27ی شوبات لە پەرلەمانی كوردستان پەسند كرا، دوای هەفتەیەك بەهۆی ناڕەزایەتی هاووڵاتییان بە زۆری مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتار و پلەباڵاكان، گەڕێنرایەوە بۆ پەرلەمان بە مەبەستی هەمواركردنی، كەچی 150 رۆژ بەسەریدا تێپەڕیوە و بڕیارە لە 30ی ئەیلوولی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام بدرێتەوە، هێشتا فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەسەر هەموارەكە نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
رێواس فایەق پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەدا كە لیژنەكان راپۆرتیان ئامادە كردووە و داویانە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان، دەبێت حكوومەت ئامادەی دانیشتنەكە بێت، بەڵام ئامادە نییە.
"لە راپۆرتی لیژنە پێوەندارەكان كە بە زۆرینەی دەنگ پەسند كراوە، كەمترین مووچەی خانەنشینی كراوەتە 400 هەزار، مادەی رێكخستنەوەی دەرماڵەكانیش لابراوە، حكوومەت رازی نییە، ئێمەش رازی نین ببینە هۆكاری بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران كە حكوومەت بە رێنوێنیی كاتی خۆی كردوویەتی، بۆیە ئەگەر ئەو دوو خاڵە لە هەموارەكە جێی نەكرێتەوە نایەڵین پڕۆژەكە بڕوات". رێواس وا دەڵێت.
ئەوەشی رەت كردەوە ئەوە بیانوو بێت بۆ هەموار نەكردنەوەی، گوتی "پێشتر كە تێپەڕیوە مووچەی فەرمانبەران سێ مانگ جارێك بوو، دەرماڵەكەی دەبڕی بەڵام مووچەكەی زیاد دەبوو، مەمنوون بووین، بەڵام ئێستە دۆخی دارایی حكوومەت باشتر بووە و مووچەش باشتر بووە، كەواتە بۆ لێی ببڕم؟. وەك رێواس دەگەڕێمەوە بۆ زانكۆ و نامەوێت خانەنشین ببم، نازانم پەرلەمانتارانی تریش چی دەكەن حەقم بەسەریانەوە نییە".
بەهۆی پێداگیری فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەسەر زیادكردنی مووچەی خانەنشینی مەدەنی بۆ 400 هەزار و سڕینەوەی بڕگەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران، ئامادە نەبوونی حكوومەت بۆ جێبەجێ نەكردنی، ئاماژەكان بەو ئاراستەیە دەچن هەمواری یاساكە لەم خولەی پەرلەمان نەكرێت كە دوو مانگ تەمەنی ماوە، ئەگەر لە 30ی ئەیلوول هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، تەنانەت ئەگەری هەیە پڕۆژەكە شكست بهێنێت.
هەر پێوەند بەو بابەتە، شوان شێخ ئەحمەد ئەندامی لیژنەی یاسایی باس لەوە دەكات هەر پرسێك لێكەوتەی دارایی بخاتەسەر حكوومەت دەبێت پرسی پێ بكرێت، ئێستەش كە دەستكاری بڕگەی تری كراوە و باری دارایی لەسەر حكوومەت گران بووە، بۆیە دەبێت چارەسەرێك لە نێوان حكوومەت و پەرلەمان بدۆزرێتەوە.
روونی كردەوە چ سوودی دەبێت یاساكە وەك ئێستە هەیە هەموار بكرێت و حكوومەت نەتوانێت جێبەجێ بكات؟ بۆیە دەبێت لێك تێگەیشتن هەبێت.
"فراكسیۆنی پارتیش لەگەڵ ئەوەدایە خانەنشینی مەدەنی كەمتر نەبێت لە 400 هەزار، دەرماڵەكانیش نەیەتە بڕین، بەڵام دەبێت حكوومەتیش توانای دارایی وەها بێت بتوانێت بیدات". شوان وای گوت. لەبارەی ئامادە نەبوونی حكوومەتیش بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی، دەڵێ دەبێت پرسیار لە حكوومەت بكەن بۆچی نایەت، نامانەوێت ئەو پڕۆژە یاسایە گرنگە وەها بمێنێتەوە، دەمانەوێت لەم خولە هەموارەكەی پەسند بكرێت".
وشە -
فهرمان سادق