چەندان ڕێی جیاواز هەیە بۆ كردنە دەرەوەی ژەهری لەش لە ڕێی خواردن یان گژوگیا سروشتییەكانەوە، لەگەڵ ئەوەش دا هەندێك نیشانە هەن كە دەری دەخات لەش بڕێكی زۆر ژەهری كۆ كردووەتەوە یان لە ئەندامەكاندا ژەهر بوونی هەیە و تووشی ژەهراوی بوون بووە، پێویستە لەم كاتەدا بیر لە لابردنی ئەو ژەهرانە بكرێتەوە.
یەكەم: نەنووستنی باش لە شەودا، ماددەی ژەهراوی لە لەشدا توانایی ئەوەی هەیە كە بە درێژایی خوێن بڵاو ببێتەوە و ببێتە هۆكارێك بۆ خەوزڕان، جگە لە ڕێگریكردن لە نووستن، ئەگەر بەزووی نەكرێتە دەرەوە، ئەوا چەندان زیان بە ئەندامەكانی لەش دەگەیەنێت.
دووەم: هەمیشە هەست بە بەێهێزی و سستی دەكەیت، دوو هۆكار هەیە بۆ بێتاقەتی، یەكەمیان ژەهراویبوونی لەشە، بەتایبەتی لەخوێندا، چونكە ڕێ لە گەیاندنی ئۆكسجین و پێكهاتەی خۆراكی بۆ شانە جۆراوجۆرەكان و ئەندامانی لەش دەگرێت و دووەم هۆكاریش باش نەنووستنە لە شەو دا.
سێیەم: دروستبوونی ئازاری ماسوولكە و جومگەكان، بەهۆی زیادبوونی ژەهری لەشەوە، خوێن بڕێكی كەمتر ئۆكسجین بۆ ماسوولكە و جومگەكان دابین دەكات، هەروەها سستی لە كردنەدەرەوەی پاشەرۆ دروست دەبێت و ماسولكە و جومگەكان تووشی هەوكردن دەبن و ئازارێكی زۆر دروست دەكەن.
چوارەم: دروستبوونی گرفتە جۆراوجۆرەكانی پێست، لەش هەوڵ دەدات بەشێك لە ماددە ژەهراویییەكان لە ڕێی پێستەوە بكاتە دەرەوەی لەش، بەمەش پێست تووشی نەخۆشییە جۆراوجۆرەكان دەبێت و كار لە پێكهاتەی پێست دەكات، بۆ نموونە دەبێتە هۆی دروستبوونی زیپكە، پەڵە، هەوكردن ، بیرۆ، نەخۆشی سەدەف، زۆر نەخۆشی تر.
پێنجەم: دروستبوونی بۆنی ناخۆشی دەم، سەرەڕای ددان شۆردن و پاككردنەوەی دەم، بەڵام بۆنی ناخۆش دروست دەبێت، ئەمەیش نیشانەیەكە بۆ ژەهراوی بوون، بۆیە باشترە بڕێكی زیاتر ئاو بخورێتەوە، بۆ ئەوەی لەش ئەو ژەهرە بكاتە دەرەوە لە ڕێی ئەو ئاوەی دەچێتە پێكهاتەی خوێنەوە.