میلیشیاکان بۆ خەڵكی زومار: دەگەڕێینەوە باشوور و بۆ داعش جێتان دەهێڵین

:: PM:03:32:18/07/2018 ‌

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زومار ئاشكرای كرد، حەشدی شەعبی لەگەڵ ئەنجوومەنی گوندەكانی ناوچەكە كۆ بووەتەوە و باسیان لەوە كردووە دەكشێنەوە و پێویستە خۆیان لە داعش بپارێزن. هۆكاری كشانەوەكە بۆ تێكچوونی رەوشی تەناهی باشووری عێراق دەگەڕێتەوە. 
حەسەن خەلۆ بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زومار  بە "وشە"ی  ڕاگەیاند، حەشدی شەعبی له ‌تەلەعفەر و زومار و رەبیعە بەهەموو شێوەیەك دژایەتی كورد و سوننە دەكات، چونكە نایانەوێت سوننە و كورد هیچ رۆڵێكیان هەبێت لە ناوچەكە و دەیانەوێت خۆیان بەسەر خەڵكی ناوچەكە فەرز بكەن، بەڵام ئێستە فەرمانیان بۆ هاتووە بكشێنەوە.
 
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، زۆرینەی هێزەكانی عێراق لە ناوچەكە كشاونەتەوە و تەنیا هەندێك حەشد و هێزە عێراقییەكانی لێ ماوە، ئەوانیش لەگەڵ ئەنجوومەنی گوندەكانی هەموو ناوچەكە كۆبوونەوەیەكیان كردووە و گوتوویانە بەهۆی خۆپیشاندانەكان بەنیازن بكشێنەوە بۆ باشووری عێراق و ئەگەر كشانەوە، پێویستە خۆیان بەرگری لە ناوچەكانیان بكەن. 

بەگوتەی ئەو بەرپرسە، چەكدارانی حەشد بەم فەرمانە دڵخۆش نین، بۆیە مۆراڵیان نەماوە. جگەلەمە خەڵكی ناوچەكەش‌ لە ترس و دڵەراوكێدان‌ و باس لەوە دەكەن، ئەگەر داعش هێرش بكاتە سەریان ناچارن داوا لە ‌پێشمەرگە بكەن بێتەوە ناوچەكە یا خۆیان رادەستی پێشمەرگە بكەن.

ئەو گوتی، پێشتر ئەو هەموو هێزە عێراقییە هەبوو بۆشایی تەناهی دروست بوو و داعش سەری هەڵداوە، ئینجا ئێستە كە هیچ هێزێكی لێ نەماوە وا دەكات داعش دەست بەسەر ناوچەكەدا بگرێتەوە، بۆیە ژیانی خەڵكی ئەو ناوچەیە لە مەترسیدایە.

لەدوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، دۆخی تەناهی ئەو ناوچانە بەتەواوی تێكچووە و رۆژ بە رۆژیش داعش لەزیادبووندایە، بەجۆرێك بەردەوام كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

مووسڵ/بڵند ئیبراهیم




وشە - سلێمان تاشان