شاندێكی پارتی و یەكێتی گەیشتنە بەغدا

:: PM:03:47:18/07/2018 ‌
كەمێك پێش ئێستە شاندێكی چوار كەسی كە لە یەكێتی و پارتی پێكهاتوون بەرەو بەغدا بەڕێ كەوتن و كۆمەڵێك گفتوگۆی سیاسی ئەنجام دەدەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی تەمووز/ یۆلیۆ، بەنگین ڕێكانی ئەندامی شاندی دانوستاندكاری كورد بۆ بەغدا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئێستە بەرەو بەغدا بەڕێ كەوتن.

ئەندامی شاندی دانوستاندكار گوتی، شاندەكەی پارتی پێكهاتوون لە فازڵ میرانی و من شاندەكەی یەكێتی پێكهاتوون لە مەلا بەختیار و فریاد ڕواندزی و لە بەغدا چەندان كۆبوونەوە ئەنجام دەدەین.

ڕێكانی ئاماژەی دا، لە شاری بەغدا لەگەڵ لایەنەكانی عێراق  و سەرۆكایەتی كۆمار  كۆ دەبینەوە و تاوتوێی چۆنیەتیی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانی بەستنی نێوان لایەنەكان دەكەین.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كۆبوونەوەی یەكەم سەرجەم حزبەكان لە ماڵی سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت، گفتوگۆ لەسەر ڕەوشی سیاسیی عێراق دەكەن و دواتر كۆبوونەوەی حزبەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

هاوكات فازڵ میرانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نوسیوویەتی " ئێستە بەرەو بەغدا".

لەم هەفتەیە یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا و بڕیاریان دا بۆ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، بە بەرنامەیەكی هاوبەش بچنە بەغدا و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە لیژنەیەكی هەمیشەیی پێكبهێنن.

دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تا ئێستە لایەنەكان هەنگاوی ڕژدیان بۆ پێكهێنانی گەورەرترین فراكسیۆن و یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق نەناوە، ئەمەیش بۆ ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان و پەسەندنەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵی دەگەڕێتەوە.





وشە - رامیار جەواد