كۆمسیۆن لەبارەی هەلی كار روونكردنەوە دەدات
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تیایدا هاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە كە باوەڕ بە هەموو پەیج و ئەكاونتێكی فەیسبووك نەكەن ئەگەر بەناوی كۆمسیۆنەوە هەلی كار ڕابگەیەنن.
ئەمڕۆ چوارشەم 18ی تەمووز/ یۆلیۆ، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا ڕای گەیاند، چەند ماڵپەڕ و پەیجێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەلی كار بەناوی كۆمسیۆنەوە ڕادەگەیەنن، بەڵام ئەو بابەتانە هیچ پێوەندییەكی بە كۆمسیۆنەوە نییە.
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان داوا دەكات كە هاووڵاتییان ئاگاداری ئەو جۆرە بڵاوكراوانەی پەیجەكان بن و مامەڵەی لەگەڵدا نەكەن.
وەك لە روونكردنەوەكەدا كۆمسیۆن بە مافی خۆی زانیوە سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو پەیج و ماڵەپەڕانە تۆمار بكات كە بەناوی كۆمسیۆنەوە هەلی كار ڕادەگەیەنن و هاووڵاتییان فریو دەدەن.
پێشتر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندبوو كە ژمارەیەكی زۆر لە كارمەند بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە 30ی ئەیلوول ئەنجام بدرێت وەردەگرن و ئەوەیش هۆكار بوو بۆ ئەوەی ژمارەیەك پەیج و ماڵپەڕ هەواڵی ناڕاست لەوبارەیەوە بڵاو بكەنەوە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم