بەردەوامی خۆپێشاندانەكان لە پارێزگاكانی باشووری عێراق و ناوچەی شوعلەی ڕۆژئاوای بەغدا، وای كردووە چالاكان و سەرپەرشتیارانی خۆپێشاندانەكان بانگەوازی خۆپێشاندانی ملیۆنی لە بەغدای پایتەختی بكەن و بڕیارە خۆپێشاندانەكەیش بەناوی "هەینی هەستانەوە" بێ و دوو ڕۆژی تر بێتە ئەنجامدان.
ژمارەیەك ڕۆشنبیر و چالاكی پارێزگای دیالە و بەغدا زانیاری وردیان بۆ "وشە" خستەڕوو و دووپاتیان لەوە كردەوە، ئامادەكاری تەواومان كردووە بۆ ئەوەی 20ی ئەم مانگە كە دەكاتە ڕۆژی هەینی، خۆپێشاندانی فرەوان و ملیۆنی لە بەغدا دژی بێكاری و نەبوونی هەلی كار و خزمەتگوزارییەكان ئەنجام بدەین.
تەحسین شمەری یەكێك لە چالاكانی بەغدا بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، دەمانەوێ ناڕەزایەتییەكانی ناوچەی شوعلەی ڕۆژئاوای بەغدا و تەواوی ناوچەكان بۆ ناو جەرگەی پایتەخت و گۆڕەپانی تەحریر بگوازینەوە، ئەمجارەیان خۆپێشاندانەكە لەسەر داوای هیچ بەرپرس و كەسایەتییەكی ئاینی و مەزەوی نییە، بەڵكو خەڵك خۆیان دێنە سەر شەقام و داوای مافەكانی خۆیان دەكەن.
ئاماژەی دا، بە پلەی یەكەم گەنجانی دانەمەزراوی زانكۆكان و بەگشتی خەڵكی بەغدا بەشداری خۆپێشاندانەكە دەبن، حكوومەتیش هەموو هەوڵێك دەدا و دەیەوێ بەغدا بە سەربازگە بكات و ڕێ لە هەر چالاكی و خۆپێشاندانێك بگرێ.
بەگوێرەی زانیارییەكان، چالاكان لە ماڵەكان و دووكان كۆ دەبنەوە و بە تەلەفۆن خەڵك لە ئەنجامدانی خۆپێشاندان ئاگادار دەكەنەوە، تا ئێستەیش ڕوون نییە، خەڵك سەركەوتوو دەبن و سوور دەبن لەسەر ئەنجامدانی خۆپێشاندانەكە، یان هێزەكانی عێراق ڕووبەڕوویان دەبنەوە و ڕێ بە خۆپێشاندان لە بەغدا نادەن.
لە ڕۆژی هەشتی ئەم مانگەوە دژی نەبوونی كارەبا و ئاو و بێكاری خۆپێشاندان لە بەسڕە دەستی پێ كرد، دواتر لە شارەكانی تری باشووری عێراق بڵاو بووەوە و تا ئێستەیش ڕۆژانە لە زۆرینەی شارەكان خۆپێشاندان بەردەوامە، هەرچەندە لە ناوچەی شوعلەی ڕۆژئاوای بەغدایش چەندان جار گردبوونەوە و ناڕەزایەتی ئەنجام دراوە، بەڵام هێزەكان سەركوتیان كردوون و نایانەوێ بە هیچ شێوەیەك خۆپێشاندانەكان بگەنە بەغدا.
گەرمیان/سەبری هۆرینی.